لە سنە سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی مەریوان – سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە 16-05-2024 لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پراید و پیژۆ پارس لەسەر رێگەی مەریوان - سنە روویدا.
 
عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکە رایگەیاند، شۆفێر و دوو سەرنشینی پرایدەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و بریندارەکانیش گواستراونەتە بۆ نەخۆشخانە.
 
بە گوتەی عیسا گەوهەری هۆکاری رووداوەکە تیژڕۆیی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان و لادان بۆ سایدی بەرامبەر بووە.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیان لەدەستدەدەن.
 
رۆژی 7ی نیسانی 2024 ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تائێستا 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوونە.