سەزگین تانریکوڵو: ئاواتی هاوبەشی دیاربەکرییەکان سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری کوردی جەهەپەی پارێزگای ئامەد دەڵێت، ئاواتی هاوبەشی خەڵکی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنانە بە کوشتن و تووندوتیژی.
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لە سبەینێوە لەگەڵ پیشەگەران، کاسبکاران، چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان کۆدەبمەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەکەین. هەمووان ئاواتێکی هاوبەشیان هەیە کە بریتییە لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی؛ داوا دەکەین کۆتایی بە چەک، تووندوتیژی و کوشتن لەم خاکەدا بهێندرێت."
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی جەهەپە دەشڵێت، "نامانەوێ چیدیکە گەنج، سەرباز، پۆلیس و گوندپارێز شەهید و بریندار بن. هەمووان بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە و بڕیاری دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراو (پەکەکە) دڵخۆش و گەشبینین."
سەزگین تانریکوڵو دەڵێت، خەڵکی داوایان لێدەکەن پشتیوانی و خاوەندارێتی پرۆسەکە بکەن، هەروەها داوایان لێدەکەن رووداوە ئازاربەخشەکانی ئەم خاکە (باکووری کوردستان و تورکیا) بۆ هاووڵاتیانی رۆژئاوا باس بکەن بۆ ئەوەی کەس دژی پرۆسەکە نەوەستێت، بۆ ئەوەی چیدیکە "چەک، کوشتن و تیرۆر باڵادەست نەبێت."
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، هاونیشتمانییانی ئامەد دەڵێن "با خۆشگوزەرانی روو لەم خاکە و تەواوی تورکیا بکات. خەڵک ئەمەی دەوێ، بۆیە دڵخۆش و گەشبینن و شایی دەکەن."
سەبارەت بە هەڵوێستی جەهەپە، تانریکوڵو دەڵێت، "ئێمەش بەڵێن دەدەینن (پاڵپشتی پرۆسەکە بکەین)؛ چاوەڕوانییەکان لە جەهەپە زۆرن و خەڵک پێشوازی لە گوتارەکانی ئۆزگور ئۆزەل دەکەن. خەڵک گەشبینە بە چالاکییەکانمان. خەڵک داوامان لێدەکەن پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەین و داوا دەکەن کەس دژی پرۆسەکە نەوەستێت."
1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
10ی نیسان، شاندی ئیمرالی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.