سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بووەتە رۆژەڤی میدیای ئێرانی

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ـی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، لە میدیای ئێرانیدا بووە رۆژەڤ و بایەخێکی زۆریان پێدا.
 
ئاژانسی تەسنیم: سەردانەکە بە بانگهێشتی وەزیری دەرەوە بووە
 
بەپێی راپۆرتێکی بەشی نێودەوڵەتیی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە چوارەمین خولی کۆنفرانسی گفتوگۆی تاران و هەروەها دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە گەیشتووەتە تاران.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، "بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی گفتوگۆی تاران سەردانی ئێران دەکات و بەپێی بانگهێشتی فەرمیی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای تەواوبوونی سەردانەکەی بۆ بەغدا و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی گەیشتووەتە تاران."
 
"نێچیرڤان بارزانی لە گرنگترین پلاتفۆڕمی دیپلۆماسیدا گوتار پێشکێش دەکات"
 
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەشیەوە نووسیویەتی: رۆژی یەکشەممە، لە یەکێک لە پانێڵەکانی کۆنفرانسی گفتوگۆی تاران، کە گرنگترین پلاتفۆرمی دیپلۆماسی و سەکۆی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی ئێرانە، گوتار پێشکێش دەکات و بە ئاماژەدان بە دیدگای هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ داهاتوویەکی باشتری ناوچەکە، جەخت لەسەر هاوبەشی لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش دەکاتەوە.
 
ئاژانسە فەرمییەکەی ئێران زیاتر دەڵێت: ئامادەبوونی [نێچیرڤان]بارزانی لەم کۆنفرانسەدا، دووبارەکردنەوەی پشتگیریی هەرێمی کوردستانی عێراقە لە کاریگەری گفتوگۆ و بەهێزکردنی هاوکاریی بنەڕەتی لە نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچەکە، بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، گەشەپێدان و پەرەسەندنی ئابووری و هەروەها پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
 
کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵا
 
ئاژانسی تەسنیم نووسیویەتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانە فەرمییەکەیدا، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران کۆببێتەوە و لەبارەی پرسە دوولایەنەکان، گرنگترین پرسەکان و دۆخی ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و راوێژ بکات.
 
خەبەر ئۆنلاین: سەردانی نێچیرڤان بارزانی جەختکردنەوەیە لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی
 
ئاژانسی خەبەر ئۆنلاینی ئێرانی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە نووسیویەتی: گەیشتنی بارزانی بۆ تاران، جەختی هەرێمی کوردستانە لەسەر کاریگەرییەکانی دیالۆگ و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچەکە.
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێرانی کۆدەبێتەوە. لەبارەی شاندە یاوەرەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشەوە نووسیویەتی، هەریەکە لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێران لەنێو شاندەکەدا بوون.
 
نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ شەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میهرئابادی تاران و لەلایەن موسا عەلیزادە تەباتەبایی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی عێراق ـ کەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، نەسیر عەبدولموحسین عەبدوڵڵا، باڵیۆزی عێراق لە تاران، سەلام عارف روشدی، جێگری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ئێرانەوە پێشوازیی لێکراوە.
 
لەبارەی گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، ئاژانسی خەبەر ئۆنلاین دەڵێت: ئامادەبوونی بارزانی لەم کۆنفڕانسەدا، دووبارەکردنەوەی پشتگیرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە کاریگەرییەکانی دیالۆگ و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی بنەڕەتی لە نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچەکە، بۆ پاراستنی ئارامی و دابینکردنی سەقامگیری، گەشە و پێشکەوتنی ئابووری و هەروەها پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
 
ئاژانسی ئیسنا: نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان کۆدەبنەوە
 
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی ئیسنا، نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی سەردانەکە دوو رۆژییەکەیدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوانە سەرۆککۆمار مەسعود پزشکیان کۆدەبێتەوە.
 
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، دیالۆگی تاران لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بە ئامادەبوونی میوانان و شاندەکان لە 53 وڵات لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و نێودەوڵەتی وەزارەتی دەرەوە بەڕێوە دەچێت.
 
کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت.
 
سەعید خەتیبزادە، سەرۆکی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون.
 
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەمان کۆڕبەند بانگهێشتی ئێران کراوە.
 
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە، لەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی نزیکەی 1 ساڵدا چەندین جار چووەتە تاران.
 
30-7-2024 نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشیکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
نێچیرڤان بارزانی سەرەتای مانگی ئایاری 2024یش چووە تاران و لەگەڵ هەریەکە لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کات و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. 
 
22-5-2024یش نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی چوونە تاران. 
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو مامەڵەیەی لە تاران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراوی کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە."