تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی نزیکەی 1.4 ملیۆن قوتابی دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردە دەڵێت، ئەمڕۆ بە بەشداریی زیاتر لە ملیۆنێک قوتابی، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەم و پۆلە ناکۆتاکان 26ی ئەم مانگە تەواو دەبێت."
رۆژی شەممە 17ی ئایاری 2025 نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی وەرزی دووەمی پۆلەکانی ناکۆتا، واتە پۆلەکانی چوار، پێنج، شەش، حەوت، هەشت، 10 و 11 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکات، بەڵام قوتابییانی پۆلی یەک، دوو و سێ بە هەڵسەنگاندن قۆناخی خوێندن دەبڕن."
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، بەیانییان کاژێر 08:00 تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئامادەکارییەکانی هۆڵی تاقیکردنەوە، مامۆستایانی چاودێر، بنکەی وەرگرتنی پرسیار و هاوئاهەنگیی لیژنەی ئەمنی کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، تاقیکردنەوەکان 26ی ئەم مانگە تەواو دەبن.
ئەمڕۆ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بە بەشداریی یەک ملیۆن و 387 هەزار و 895 قوتابی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەکات.