یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە کەرکووکەوە بە مەبەستی حەجکردن بەڕێکەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، یەکەم کاروانی هاووڵاتییان بە مەبەستی حەجکردن لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 17ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعودیە بەڕێکەوت، کە ژمارەیان 139 کەس بوو.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک دەڵێت، چوونی هاووڵاتییان بۆ سعودیە لە فڕۆکەخانەکەوە لە رۆژانی داھاتووشدا بەردەوام دەبێت.
 
ئەم ساڵ نزیکەی 34 ھەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراقەوە حەج دەکەن و لە ھەرێمی کوردستانیشەوە 5120 کەس دەچنە حەج.