لە پێشانگەی کاری زانکۆی ئەمریکی 500 هەلی کار خرانەڕوو؛ زمان و ئەزموون کلیلی کارن، نەک تەنیا بڕوانامە

 
رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی "پێشانگەی هەلی کار"ی بۆ ساڵی 2025 لە دوو رۆژدا بەڕێوەبرد، تێیدا 45 کۆمپانیا 500 هەلی کاریان هەبوو. زۆرینەی ئەوانەی لە پێشانگەکە بەدوای هەلی کار دەگەڕان، جگە لە زمانی کوردی، دوو یان سێ زمانی دیکە دەزانن؛ بەشێکیان خوێندکاری زانکۆن و دەیانەوێت پێش تەواوکردنی خوێندن، کاریان دەستبکەوێت.
 
سایە ستار، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی ددان دەڵێت، "مەرجی زمان سەرەکی بوو، لەگەڵ ئەزموون." محەممەد عومەر، دەرچووی زانکۆ باسی لەوە کرد، "لە بەشە کارگێڕی، تەکنیکی، میکانیکییەکان و مارکێتینگ دەتوانم ئیش بکەم. توانام هەیە و زۆرینەیش ئەو بەشانەیان دەویست."
 
زەینەب ئامانج، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی ددان ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرینەی خاوەنکارەکان ئەزموون، شارەزایی و لێهاتوویی مەرجیان بوون، نەوەک بڕوانامە."
 
پێشانگەی هەلی کاری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی 13 ساڵە لەسەریەک دەکرێتەوە، ئەم ساڵ جیاوازتر لە ساڵانی دیکە. پێشانگەکە دوو رۆژ بوو، رۆژێک تایبەت بە خوێندکارانی زانکۆ و رۆژی دووەمیش بۆ هەموو ئەوانە بوو کە بەدوای کاردا دەگەڕان.
 
گۆشان قەرەداخی، راگری کۆلێژی کاروباری خوێندکاران دەڵێت، "ئەمە گرنگە کە خاوەن کار و ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، لێرە یەک دەبینن و هەردوولا دەزانن چیان پێویستە."
 
ئەو کۆمپانیایانەی هەلی کاریان راگەیاندبوو لە بوارە جیاوازەکاندا بوون، ئەزموون و زانینی زمانی دیکە و توانای فێربوون لە مەرجە سەرەکییەکانیان بوو بۆ پێدانی کار بە کەسێک.
 
لانە یوسف، لێپرسراوی مارکێتینگ گوتی، "جیاوازیی نێوان کوڕ و کچ ناکەین و هەموویان وەردەگرین، 5 هەلی کارمان هەبووە و 200 سڤی هاتووە."
 
هیوا رەسوول، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان دەڵێت، "جگە لە هەلی کار، ئەوەی گرنگە، دەیکەین؛ کاری راوێژکار و رێنوێنییە بۆ گەنجەکان کە چۆن بتوانن ئیش بدۆزنەوە."
 
لە دوو رۆژی پێشانگەکەدا 500 هەلی کار نمایش کرابوون، بەڵام زیاتر لە 1000 کەس بۆی هاتبوون، بە نیازی دەستکەوتنی کار. جگە لە پێشانگەکانی کار، حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆرتاڵی هەلی کاری بۆ گەنجان و بێ کارەکان داناوە، دەتوانن لە رێگەیەوە بەدوای کاردا بگەڕێن.