لە گۆڕستانێکی رووها 21 کۆرپەلە دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەناو گۆڕستانێکی شاری روهای باکووری کوردستان 21 کۆرپەلە، کە پێدەچێت لەباربرابن یان لەبارچووبن، لەناو بەرمیلێکی خۆڵ و خاشاکدا دۆزرانەوە.
کۆرپەلەکان لە "گۆڕستانی نوێ"ی شارەکە، سەر بە قەزای خەلیلیە، دۆزراونەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو هاووڵاتییانەی بۆ سەردانی گۆڕستانەکە چووبوون، لەناو بەرمیلێکی زبڵدا سەرنجیان داوە کە چەندین دەفری تایبەت هەن.
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، دەستبەجێ تیمە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە ستیکەر و مۆری "نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی روها" بەسەر دەفرەکانەوەیە.
گومانەکان بۆ ئەوە دەچن ئەو کۆرپەلانە لەباربران، یان لەبارچووبن، لە نەخۆشخانەوە نێردراون بۆ گۆڕستان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی و تەندروست بنێژرێن، بەڵام بەهۆکارێکی نادیار لە گۆڕستانەکە فڕێدراون.
پۆلیس ناوچەکەی گەمارۆ دا و کۆرپەلەکان بۆ پشکنینی ورد رەوانەی دادپزیشکی کران. هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە کەم تەرخەم بوون لە کارەکەدا دەستیپێکردووە.
پارێزگای روها لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە 16ی ئایاری 2026، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر ههبوونی چەند کۆرپەلە و پاشماوەی پزیشکی بە شێوازێکی نەشیاو لە گۆڕستانی نوێ لە قەزای خەلیلیە، تیمە پسپۆڕەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بۆ روونکردنەوەی تەواوی دۆخەکە و دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسیارەکان، دۆسیەکە گواستراوەتەوە بۆ دادگا. پارێزگاریشمان بە وردی لەسەر ئاستی کارگێڕی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکات."
بەپێێ ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، تێکڕای ژمارەی وەچەخستنەوە بۆ هەر ژنێک لە پارێزگای روها ، 3.28 منداڵە. ئەم ژمارەیە زۆر لە سەرووی تێکڕای گشتیی تورکیاوەیە کە تەنیا 1.48 منداڵە. بەم رێژەیە، پارێزگاری روها لەسەر ئاستی تورکیا لە پلەی یەکەمدایە بۆ زۆریی ژمارەی منداڵ بۆ هەر ژنێک.
رێژەی گیانلەدەستدانی کۆرپەلە لە بەرامبەر هەر هەزار لەدایکبوونێکدا لە روها، لە سەرووی ناوەندی گشتیی تورکیاوەیە. لە ساڵانی دواییدا ئەم رێژەیە لە نێوان 16 بۆ 18 کۆرپەلە لە هەر هەزار لەدایکبوونێکدا تۆمارکراوە.
بەهۆی بەرزبوونی رێژەی لەدایکبوون لە لایەک و هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە لایەکی دیکەوە، شارەکە لە ئامارەکانی گیانلەدەستدانی کۆرپەلەشدا لە ریزبەندی یەکەمی پارێزگاکانی تورکیادایە.
بەپێی یاسای پلاندانانی خێزانی ساڵی 1983 لە تورکیا؛ بەبێ گوێدانە باری خێزانی (هاوسەرگیری)، لەباربردنی ئارەزوومەندانە تاوەکو هەفتەی 10یەمی دووگیانی رێگەپێدراوە.