لیستی مووچەی مانگی ئایار و تەرازووی پێداچوونەوەی نیسان پێکەوە دەنێردرێنە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار کراوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتایی ئەم هەفتەیە رەوانەی بەغدا دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە ئامادەکارییەکان بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا هەندێک لە یەکە ژمێریارییەکان کارەکانیان تەواو نەکردووە، لیستەکە ئامادە نەبووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواوی کارەکان جێبەجێ بکرێن و لیستی مووچەی مانگی ئایار لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان پێکەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێن.
لەبارەی شێوازی گەیاندنی لیستەکە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕیارە لیستەکە و تەرازووی پێداچوونەوە لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەوە ببرێتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 12ـی ئەم مانگە خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی راگەیاند. بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچە لە رۆژی 13-5-2026 دەستپێدەکات و لە رۆژی 16-5-2026 کۆتایی دێت.