قایمقامی چەمچەماڵ: دەستناگرین بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا و کۆدیان بۆ دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کۆد بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکرێ. قایمقام دەڵێ، ئەو هاونیشتمانییانەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیان هەیە، دەتوانن سەردانیان بکەن.
 
ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆد لەلایەن ئاسایشەوە بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکرێ. داواکارین هەرکەس ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەیە، سەردان بکات و کۆد بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات."
 
هەفتەی رابردوو مامۆستایانی ئایینی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی لە رێگەی مزگەوتەکانەوە بە هاونیشتمانییانی سنوورەکەیان گوت کە لەلایەن ئاسایشەوە ئاگادار کراونەتەوە، هەرکەس ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای هەیە، نەیباتە دەرەوەی سنوورەکە و دەستی بەسەردا دەگیرێ.
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، "ئێمە دەستناگرین بەسەر هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتادا. لایەنی ئەمنی کۆد بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکات. کۆدەکەش دەبێتە پێناسێک بۆ ئۆتۆمبێل و خاوەنەکانیان."
 
ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئەوانەن بە نایاسایی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون و هاتووچۆ تۆماریان ناکات و تابلۆی پێنەداون، بەڵام پشتر لە سنووری سلێمانی کۆد بە ژمارەیەکیان درا.
 
ئاسۆ بەکر گوتی، "کۆد جێگەی ژمارە ناگرێتەوە. ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە کۆد نابنە ئۆتۆمبێلی یاسایی و تۆمارکراو، بەڵکو ئەم کارەیە بۆ ئەوەیە کارێکی نایاسایی بە ئۆتۆمبێلەکان بکرێ و سەرپێچی پێ بکرێ، بزانرێ کێیە و بناسرێتەوە."
 
بەهۆی نەبوونی تۆماریان لە هاتووچۆ، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نازانرێ کە بێ سەرەتان، بەڵام پێشبینی دەکرێ زیاتر لە 25 هەزار ئۆتۆمبێل بن و زۆرینەیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن.