یەکگرتوو: سبەی لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی کۆدەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیارە سبەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندە یاوەرەکەی، لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حیزبەکەی، سەردانی دەباشانی کرد و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، لەو دیدارەدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو "دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی و گشتگیری بە ئامانجی دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە چەقبەستووەی ئێستا و رەخساندنی زەمینەی تەبایی و گفتوگۆ پێشکێشی سەرۆکی یەکێتی کردووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەک یەکەم کاردانەوەی ئەرێنی و فەرمی بۆ بەدەمەوەچوونی پەیامەکەی مامۆستا سەڵاحەدین، بڕیاری دا کە لە ئەمڕۆوە تەواوی دەزگا میدیاییەکانی یەکێتی پابەند بکرێن بە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و راگرتنی هەر هێرش و شەڕێکی راگەیاندن کە زیان بە تەبایی سیاسی دەگەیێنێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەمان شاند بە سەرۆکایەتیی مامۆستا سەلاحەدین، سبەی دووشەممە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەو حیزبە بۆ هەمان مەبەست کۆدەبنەوە