بەرپرسی راگەیاندنی حەج: ئەمشەو دواین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگاتە سعودیە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو دوایین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگاتە سعودیە و کە لە پارێزگای سلێمانییەوە بەڕێدەکەون و ژمارەیان 150 کەسە.
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو دوایین کاروانی حاجییانی ئەم ساڵ دەگاتە سعودیە. هەموو حاجییان بە سەلامەتی گەیشتوون و ئەمشەویش 300 حاجیی دیکەی هەولێر گەیشتن، کە دواین کاروانی ئەو پارێزگایە بوو."
 
لەبارەی حاجییانی پارێزگای سلێمانی، رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد: "بڕیارە کاژێر 11:00ـی ئەمشەو دوایین کاروانی حاجییانی ئەم ساڵ لە پارێزگای سلێمانی بەڕێبکەون و بەرەبەیان دەگەنە سعودیە، کە 150 حاجین و  بە گەیشتنیان پڕۆسەی چوون بۆ سعودیە تەواو دەبێت."
 
بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج دەڵێت: "ئەم ساڵ هیچ رووداوێکی نەخوازراو دروست نەبووە و پڕۆسەکە بە چاودێریی تیمەکانی تەندروستی و وەزارەتی ئەوقاف بە باشی بەڕێوەچوو."
 
ئەم ساڵ 5 هەزار و 120 هاونیشتمانی ناویان گەڕاوەتەوە بچنە حەج. 7ـی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.