لەگەڵ رەنج؛ چۆن وەرزش لە خولیاوە بکەینە سەرچاوەی داهات؟
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی ئەمجارەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەنێو یارگەیەکی وەرزشیدا و بە شێوازێکی مەیدانی بەڕێوەچوو. بەرنامەکە کە کۆمەڵێک لە هاندەرانی یانەی هەولێر و زاخۆ تێیدا ئامادەبوون، بە گۆرانییەکی شڤان پەروەر "کینە ئەم؟ کوردین ئەم" بەرنامەکە دەستیپێکرد و تەوەری سەرەکیی باسەکەش بریتی بوو لەوەی: چۆن وەرزش بکرێتە سەرچاوەی داهات و بۆچی لە کوردستان تەنیا وەک خولیایەک ماوەتەوە؟
رەنج سەنگاوی، لە راپۆرتێکی مەیداندا سەردانێکی بۆ نێو راهێنەران و یاریزانانی یانەی هەولێر کردبوو. ئاکۆ عوزێر، یاریزانی یانەی هەولێر دەڵێت: "لە منداڵییەوە لە ئەکادیمیاوە دەستم پێکردووە و بۆ ناوی هەولێر یاری دەکەم، یانە کوردییەکان درێغییان نەکردووە و توانیویانە ناوی کوردستان بەرز بکەنەوە، بەڵام کێشەی گەورەی یانەکانمان پارەیە."
مستەفا قابیل، یاریزانێکی دیکەیە و دەڵێت: "گوێمان لە راهێنەر نییە کاتێک بانگمان دەکات، بەڵام کاتێک هاندەرانمان لەناو یارگە بانگمان دەکەن گوێمان لێیە، چونکە هاندەر کاریگەریی زۆر باشی هەیە لەسەرمان. حەز دەکەم بەشداریی کاسی عالەم بکەین، بەڵام شایستە داراییەکانمان بەراورد بە یانە جیهانییەکان کەمە."
گەیلان لوقمان، یاریزان، ئاماژە بە جیاوازییەکان دەکات و دەڵێت: "هیوادارین یانە کوردییەکان لە خولە عێراقییەکان سەرکەوتوو بن، یانە عێراقییەکان پشتیوانیی دارایی بەهێزیان هەیە کە 3 ملیار دینارە، بەڵام کوردستانییەکان ئەم پشتیگرییەیان نییە."
نیاز محەممەد، یەکێک لە کۆنترین یاریزانەکانی یانەی هەولێر، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە: "لە شەقامەکانەوە بە تۆپی لاستیک دەستم پێکرد. ئەکادیمیا گرنگە بەڵام وەک پێویست نییە. ئێستا 18 یاریزانمان کوردن، چونکە کوڕی هەولێرن سکاڵامان نەکردووە، ئەگەرنا 40 ملیۆن دینارم تەنیا هی پار لای یانەکە ماوە. گرێبەستەکان تاوەکو رادەیەک پێویستییەکانی ژیان پڕ دەکەنەوە، بەڵام ژێرخانی وەرزشی دەبێت پەرەی پێبدرێت."
7 ملیار دینار بۆ مانەوە لە کێبڕکێ و قەرزاریی چێشتخانەکان
جێماو کاڕەش، بەرپرسی دارایی یانەی هەولێر دەڵێت: "وەرزش خەمێکی قووڵە و بۆ ناساندنی میللەت هیچی لە رۆڵی سیاسی کەمتر نییە. دوای 14 ساڵ بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت چیمەنی یارگا گۆڕدرا، کە ئەمە زۆر هەڵەیە و دەبێت ساڵی جارێک بگۆڕدرێت عێراق لە هیچی نییە بەڵام ژێرخانی وەرزشی هەیە. ئێمە مانگانە 100 ملیۆن داهاتمانە، بەڵام تەنیا مووچەی تیپەکەمان 380 ملیۆنە. بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکەم پێویستمان بە 7 ملیار دینار بێت، ئێستا لە هۆتێل و نانخواردن قەرزدارین. داوا لە سەرمایەداران دەکەم هەر یەکیان گرێبەستی یاریزانێک بگرنە ئەستۆ."
د. سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێریش دەڵێت: "زیاتر لە 117 یانە لە کوردستان هەن، ئەگەر پلانێکی باشمان هەبێت چۆن چارەسەریان دەکەین؟ ئێمە نزیکەی 9 ملیارمان خەرج کردووە. پێویستە عێراق ئەو پارەیەی دەیداتە یانەکانی خۆی بیداتە یانە کوردییەکانیش."
مۆدێلی زاخۆ؛ داهاتی ملیارێک دینار لە تیکت
لە بەرنامەکەدا باس لە سەرکەوتنی یانەی زاخۆ کرا کە خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای 2025ـی بردەوە. عەممار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ رایگەیاند: "دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین بەبێ ئەوەی حکومەت دەستمان بگرێت. گرنگترین تیکت لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق لە زاخۆ فرۆشراوە کە نزیکەی ملیارێک دینار بووە، 300 هەزار درێسمان فرۆشتووە. تەنانەت ئاو و وزەبەخش و کێکمان بە ناوی یانەی زاخۆوە دروست کردووە کە ئەمە داهاتە."
"خانوویەکی جوان بەڵام بێ بناخە"
سەڵاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەڵێت: "وەرزشی کوردستان وەک خانوویەکی جوان وایە بەڵام بێ بناخەیە، لەگەڵ هەر بوومەلەرزەیەک دەڕووخێت. بەهۆی بارودۆخی سیاسی مەجالمان نەبوو لەگەڵ حکومەت دانیشین، دەبێت وەرزش بکرێتە ناو سیستەمی پەروەردە."
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزیش ئاماژەی بەوە کرد: "پێویستمان بە 10 ساڵ چاودێرییە بۆ پێگەیاندنی یاریزانێک، لێرە ئەکادیمیامان نییە و پارەش لە کاتی پێویستدا خەرج ناکرێت."
کێشەی یانەکانی دهۆک، نەورۆز و گازی باکوور
شڤان محەممەد لە یانەی دهۆکەوە باسی دابەزینی ئاستی یانەکەی کرد و گوتی: "هۆکاری دابەزینی یانەی دهۆک لە یەکەمەوە بۆ دەیەم لەوانەیە پەیوەندی بە یاریزانانەوە هەبێت کە بەهۆی بردنەوەیان نەفسیان پڕبووبێت. پار بە 6 ملیار دوو قارەمانێتیمان بەدەست هێنا."
نەوا نەورۆز، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز و د. تەنیا حەسەن، راوێژکاری وەرزشی هەمان یانە، جەختیان کردەوە کە هەموو یانەکان کێشەی مادییان هەیە و پێویستە کادیرانی هەموو شارەکان یەکبخرێن و وەزارەتی روشنبیری و لاوان پلانێکی درێژخایەن دابنێت.
یوسف عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی گازی باکوور لە کەرکووک دەڵێت: "ئێمە لەسەر فرۆشتنی گاز داهات پەیدا دەکەین. وەزارەتی نەوتی عێراق 10 یانە بەڕێوەدەبات و لە رووی داراییەوە زۆر باشترن، بەڵام لێرە لە کوردستان ژێرخانمان نییە."
لە کۆتایی بەرنامەکەدا کە نوێنەرانی هەموو پارێزگاکان تێیدا بەشداربوون، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت خیتابێکی وەرزشیی یەکگرتوویان هەبێت، ژێرخانی ئابووری و ئەکادیمیا دروست بکرێت و یارگاکان نۆژەن بکرێنەوە. هەموو میوانەکان سوپاسی رەنج سەنگاوییان کرد کە بۆ یەکەمجار هەموو یانەکانی بە یەکەوە کۆکردەوە.