لە گرتووخانەیەکی سلێمانی تەرمی زیندانییەک دۆزرایەوە؛ "گومان دەکرێت خۆی کوشتبێت"
رووداو دیجیتاڵ
لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی، تەرمی هەرزەکارێک لە گەرماوێکدا دۆزرایەوە، کە گومان دەکرێت خۆی کوشتبێت.
سەرچاوەیەک لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی گیانی لەدەستداوە کوڕێکە و تەمەنی لە 18 ساڵ کەمترە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی ئاگاداری رووداوەکەیە، "هەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەچن خۆی کوشتبێت."
هەرزەکارەکە حکوم دراوە، بۆ بەسەربردنی سزاکەی لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی بووە.
پۆلیس و بەرپرسانی چاکسازییەکە لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی رووداوەکە دەکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن. هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 6057 حوکمدراو لە هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندان و سزاکانیان بەسەر دەبەن.