گەشتی ئاسمانیی کەرکووک - ئیستەنبووڵ دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو مانگ، گەشتی ئاسمانیی کەرکووک - ئیستەنبووڵ دەستیپێکردەوە و یەکەم فڕۆکە لە شارەکەی باشووری کوردستانەوە بەرەو ئیستەنبووڵ فڕی.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی 17ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ گەشتی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەستیپێکردەوە و یەکەم فڕۆکە بەرەو ئیستەنبووڵ فڕی.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە گوتیشی، هەفتانە چوار گەشت لە رۆژانی یەکشەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی بۆ ئیستەنبووڵ دەکرێن.
بە هەردی سەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانیکردنی جووڵەی گەشت لە کەرکووکەوە بۆ تورکیا. هەروەها گوتیشی، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان وێڕای ئەوەی ئاسانکاری بۆ گەشتی گەشتیاران دەکات، جووڵەی ئابووری لە کەرکووک چالاک دەکات.