لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دهۆک کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکە برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی دهۆک – شێخان، کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەیش برینداربوون.
 
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی دهۆک - شێخان و نزیک بریفکا روویداوە. رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023، ئازاد تەها، گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لەنێوان پیکابێک و پاسێکدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەشی کەسی دیکەش برینداربوون.
 
پێنجشەممە هەر لە دهۆک و لە نزیک شارۆچکەی باعەدرێ بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەیش برینداربوون.
 
ئەو کەسەی لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانی لەدەستداوە، ناوی عیماد رەشیدە و خەڵکی گوندی زیناوا بووە لە قەزای شێخان.
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.