هەولێر بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 دوو پێشنیاز دەداتە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 دوو پێشنیاز دەداتە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و داوا دەکات لە ماوەی دوو ساڵدا بڕگەی قەرەبووکردنەوەی تایبەت بە جێبەجێکردنی مادەی 140 تەواو بێت. 
 
دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای مادەی 140ـی دەستووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو پێشنیازمان پێشکێش کردووە. یەکەم، لەبری قەرەبووکردنەوەی عەرەبی هاوردە بە پارە کە 20 ملیۆن دینارە، پارچە زەوییەکیان پێ بدرێت بە مەرجێک نرخی زەوییەکە کەمتر نەبێت لەو 20 ملیۆن دینارە کە لە بەرامبەر گەڕانەوە پێیان دەدرێت. دووەم، داوا لە حکومەتی عێراق بکرێت پارەی پێویست تەرخان بکات و لە ماوەی دوو ساڵدا بابەتی قەرەبوو تەواوبێت. 18 ساڵە هێشتا خاڵی قەرەبوو تەواو نەکراوە". 
 
مادەی 140ـی دەستووری عێراق سێ بڕگەی لەخۆگرتووە کە بریتین لە قەرەبوو، سەرژمێری و گشتپرسی. بەپێی بڕیار و رێکارەکان، قەرەبووى ئاوارەکان 10 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا عەرەبە هاوردەکان بۆ گەڕانەوە دوو هێندەیان پێدەدرێت.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەشڵێت، "داوامان لە وەزارەتی بەرگری و کشتوکاڵی عێراق کردووە رێگە بە جووتیاران بدەن کار لەسەر زەوییەکانیان بکەن؛ داوامان کردووە وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو رێگرییە رابگرێت کە دەیکات تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت و زەوییەکان دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان". دەشڵێت، "17 ساڵە وەزارەتی بەرگریی عێراق بێدەنگە. بۆچی ئێستا قسە دەکات؟" 
 
دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق کارا کرایەوە. لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحە. 
 
بەگوێرەى ئامارێک کە دەستی رووداو کەوتووە، لە هەر سێ نووسینگەى کەرکووک، خانەقین و شنگال 68,148 خێزانى ئاوارە قەرەبوو کراونەتەوە کە %39.4ـى مامەڵەى ئاوارەکانە، لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەى 15,746 خێزانی عەرەبی هاوردە لەو ناوچانە کە دەکاتە %58.5ـى مامەڵەى عەرەبە هاوردەکان. 
 
تاوەکو ئێستا 104,418 خێزان قەرەبوویان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا مامەڵەى 10 هەزار و 157 خێزانى عەرەبی هاوردەش ماوە قەرەبوو بکرێنەوە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.