تانکەرێکی سووتەمەنی لە سلێمانی گڕی گرت
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی تانکەرێکی سووتەمەنی گڕی گرت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە.
رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023، رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی تانکەرێکی سووتەمەنی ئاگری گرت؛ جارێ هۆکاری گڕگرتنەکە نازانرێت".
ئارام عەلی گوتی، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لە رووداوەکە بە سەلامەتی دەربازی بووە و جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکە نەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان هەبوون.