وەزیری ناوخۆ: هیچ زیندانییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکی پەیمانگەی ئاشتی لە واشنتن گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە چەند پرسێکی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لە ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە کابینەی نوێدا، خۆی بۆ دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تەرخانکرد و هەوڵیداوە دۆخێکی باشتر بۆ ئازادیی رادەربڕین دروستبکات. لە هەرێمەکەماندا هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە قسە لەسەر هەموو شتێک بکات."
رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەندێک کەس باسی هەندێک بابەت دەکەن کە شتی بێ بنەمان و مەبەستیان ئەوەیە کە وەها لە خەڵک بگەیێنن کە لە کوردستان کەموکوڕی هەیە. ئەگەر لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هەڵە هەبێت، ئەوە ستراتیژییەتی ئێمە نییە و ئێمە دژی ئەوەین."
"لەم کابینەیەدا، هیچ کەسێک بەهۆی ئەوەی لەسەر پرسە سیاسییەکان قسەی کردبێت، دەستگیرنەکراوە؛ ئێمە بە شانازییەوە دەڵێین کە هیچ بەندکراوێکی سیاسی لە کوردستان نییە؛ ئێمە باشترین کەشمان بۆ هەموو کەسێک لە هەرێمەکەمان خوڵقاندووە،" وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وای گوت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، رێبەر ئەحمەد سوپاسی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد کە توانیویانە بەیەکەوە زۆر "کاتی سەخت" تێپەڕێنن و داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش کرد کە لەسەر دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بکرێت و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت."
رێبەر ئەحمەد باسی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق کرد و گوتی، "محەمەد شیاع سوودانی کەسێکی متمانەپێکراوە و ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە جێبەجێی بکات. ئێمە تەنیا شەش مانگمان داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەوانەیە شەش مانگی دیکەشی بۆ زیاد بکەین؛ بۆیە دەمانەوێت بزانین کە دەستکەوتەکانی ئەو کابینەیە چین کە لەلایەن هەمووانەوە پشتگیری دەکرێت."
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی، "کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لە دەستوری عێراق بە روونی ئاماژەی پێکراوە، بەڵام لە راستیدا هیچ یەک لە بڕگەکانی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێنەکراوە".
"حکومەتی ناوەندیی عێراق هیچ یارمەتییەکی هێزی پێشمەرگە کوردستان نادات و پێشمەرگە کەرەستەی پێویستی لەبەردەستدا نییە و راهێنانییان پێناکرێت و مووچەکانیان پێنادرێت،" وەزیری ناوخۆ لەبارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پاڵپشتینەکردنی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وای گوت.
هەر لە پانێڵەکەدا، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرد و گوتی، "ئامانجی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند کە ئێستا زیاتر لە 300 هەزار کوردی ئێزدی ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و لە هەرێمی کوردستان دەژین.
رێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "ئێمە وەکو هاوبەشێکی سەرەکی پێویستیمان بە ئەمریکییەکان هەیە؛ ئێمە پێویستە لەگەڵ عێراقی، ئەمریکییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی رێگە لە سەرهەڵدانەوەی داعش بگرین."