لە ئیلام کەسێک برای خۆی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
دوو برای خەڵکی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشە لەنێوانیان دروستبوو و یەکێکیان ئەوی دیکەی کوشت. بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە دەڵیت، بکوژ خۆی رادەستکردووە.
هادی گەندومی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسەی سێ رۆژ لەمەوبەر براکەی کوشت، خۆی رادەستکرد.
هادی گەندومی گوتی، رووادوەکە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە بووە و دوای دەمەقاڵەیەکی زۆر، برای بچووک لەلایەن برا گەورەکەیەوە لێیدراوە، زەبر بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
بکوژی تەمەن 35 ساڵە و دوای سێ رۆژ لە تاوانەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و دانی بە کوشتنی براکەیدا ناوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری ئەیوان، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە بکوژ تەرمی براکەی بردووەتە یەکێک لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران و لەوێ بەخاکی سپاردووە.
هادی گەندومی ئاماژەی بەوەش کرد، تیمێک چووەتە شوێنەکە و تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە و تۆمەتباریش رادەستی دەسەڵاتی دادی شارەکە کراوە.
شاری ئەیوان دەکەوێتە باکووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووانی بە زاراوەی کەلهوڕی قسە دەکەن و ژمارەیان زیاتر لە 70 هەزار کەس دەبێت.