لە بانەوڕێی جوانڕۆ 1200 ئاژەڵ کرانە قوربانی
رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتی بەکۆمەڵی خەڵکی بانەوڕێی جوانڕۆ بۆ قوربانیکردنی ئاژەڵ لە جەژندا بەڕێوەچوو. ساڵانی رابردوو 700 بۆ 800 سەر ئاژەڵ لەو شوێنە دەکرانە قوربانی، بەڵام ئەم ساڵ ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە لانیکەم 1200 سەر.
خێرخوازانی بانەوڕێ بەبێ جیاوازی گۆشتی قوربانییەکە بەسەر هەموو ماڵانی ناوچەکەدا دابەش دەکەن. دارا و نەدار لە سێ بۆ هەشت کیلۆ گۆشتی بەردەکەوێت.
بەشێکی زۆر لە دەوڵەمەندەکانی بانەوڕێ لەو هەڵمەتەدا بەشدارن. ئەوان بە پارەی خۆیان ژمارەیەک ئاژەڵ دەکڕن و دەیدەنە ئەندامانی رێکخراوە خۆبەخشەکان بۆئەوەی سەریانبڕن و گۆشتەکەیان دابەش بکرێت.
لەوانە گرنگتر، هاوکاریی گەنجانی بانەوڕێیە لەو هەڵمەتەدا، هەرکەس بە هەر ئیمکانیاتێک هەیبێت، لە هەڵمەتەکەدا بەشدار دەبێت.
ئەم ساڵ نرخی گۆشتی ئاژەڵی وردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەراورد بە پار لانیکەم دوو هێندە زیادیکرد و ئەو هەڵمەتانە دەتوانن زۆر یارمەتیدەری خەڵکی کەمداهات بن.