دەنگۆیەک لەبارەی فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاودەبێتەوە؛ 'دوورە لە راستییەوە'

رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی پەیامێکی دەنگی کە گوایە دەبێت فڕۆکەخانەی هەولێر چۆڵبکرێت و کەسیش نزیکی شەقامی 120 مەتری شارەکە نەبێتەوە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "بابەتەکە دوورە لە راستییەوە".
 
لە درەنگی شەوی رابردووەوە پەیامێکی دەنگی لە وەتسئەپ بڵاوبووەتەوە کە کەسێک دەڵێت: "هەموو لایەک ماندوو نەبن...ئاگادارکراوینەتەوە کە فڕۆکەخانەی هەولێر چۆڵبکرێت لە هەموو شتێک، لە پۆلیس و لە ئاسایش؛ تەنانەت هەموو تۆمارە گرنگەکان دەربهێندرێن؛ بۆیە بە هیچ شێوازێک نزیکی لای فڕۆکەخانە و شەقامی 120 مەتری [هەولێر] مەبنەوە".
 
دوای دەنگەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "بەداخەوە تۆمارێکی دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و بە نامەی تایبەتیش لە گرووپ و نامەکانی واتسئاب بۆ یەکتر دەنێردرێن. لەو تۆمارە دەنگییەدا باسی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکرێت، پێتان رادەگەینین، ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و بە هیچ جۆرێک وانییە".
 
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای پارێزگای هەولێر بۆ رووداو: "دۆخی فڕۆکەخانە ئاساییە و چۆڵ نەکراوە؛ ئەمڕۆش دەوامی تێدا دەکرێت و ئەوەی هەیە تەنیا راگرتنی گەشتەکانە، ئەویش لە هەموو عێراق نەوەک تەنیا هەولێر".
 
پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەو کارە کەسانی خۆفرۆشی سەر بە لایەنێکی دیاریکراو بە شێوازی ئەی ئای [ژیریی دەستکرد] دروستیانکردووە و وەک ستوونی پێنجەم خەریکی خیانەتکردنن، وەک پیشەی هەمیشەییان".
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکردووە کە "هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە دۆخەکە تاوەکو ئێستا ئاساییە و هیچ مەترسییەک لەسەر هیچ شوێنێکی کوردستان نییە".
 
پارێزگاری هەولێر جەخت دەکاتەوە، لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی دەنگەکە دەکەن و بکەرانی رووبەڕووی "سزای تووند"ی یاسایی دەکەنەوە.
 
ئومێد خۆشناو داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، تەنیا پشت بە هەواڵی دەزگە و کەناڵە فەرمییەکان ببەستن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، لە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیرانەوە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە رووی هەموو گەشتێکدا داخراوە.