هێزەکانی ئەمریکا لە دوو بنکەی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کشانەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئەمریکا لە دوو بنکەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان کشاونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و تەواوی سووریا دێت.
رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڵاویکردووەتەوە ئەمریکا پرۆسەی کەمکردنەوە و کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا خێراتر کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمریکا هێزەکانی لە هەردوو بنکەی وەزیر و تەلبەیدەر کشاونەتەوە و چۆڵ کراون و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی تێدا جێگیر کراون.
بەگوێرەی رۆیتەرز، پەیامنێری ئاژانسەکەیان هەفتەی رابردوو، سەردانی هەردوو بنکەکەی کردووە کە سەربازانی ئەمریکای تێدا نەماوە و تەنیا ژمارەیەک شەڕڤانی هەسەدەی تێدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا پێنتاگۆن قسەی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان نەکردووە.
هەریەک لە بنکەکانی وەزیر و تەلبەیدەر لە پارێزگەی حەسەکەن لە رۆژئاوای کوردستان و بەم هەنگاوەش ژمارەی ئەو بنکانەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا کە هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا کشانەوتەوە، بووەتە چوار بنکە.
لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، پێنتاگۆن ئەو پرۆسەیەی دەستپێکردووە و لە سەرەتای ئەم مانگەش ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە ژمارەی بنکەکانیان لە سووریا لە هەشت بنکە کەمبکەنەوە بۆ یەک بنکە.
مانگی رابردووش، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئەمریکا پلانی هەیە ژمارەی سەربازانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە دوو هەزار سەربازەوە کەمباتەوە بۆ تەنیا 500 سەرباز و بەگوێرەی بەرپرسانی فەرماندەکانی هەسەدە، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا رێگە بۆ بەهێزبوونەوەی داعش خۆش دەکات.
لەوبارەیەوە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریا دیموکرات، کە لە بنکەیەکی دیکەی ئەمریکا لە شەدادی قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە رایگەیاندووە بوونی چەند سەد سەربازێک لە یەک بنکەدا ''بەشی پێویست ناکات'' بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەی داعش.
هەروەها عەبدی دەڵێت ''هەڕەشەی داعش لەمدواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."
گوتیشی: "بەڵام [پلانی کشانەوە]، ئەمە پلانی سوپای ئەمریکایە. ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەمەین و لەگەڵیاندا کار دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ بۆشاییەک دروست نابێت و بتوانین فشار لەسەر داعش بهێڵینەوە.''
عەبدی رۆژی هەینی و چەند کاژێرێک دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، قسەی بۆ رۆیتەرز کرد و ئەو رەتیکردەوە لێدوان لەسەر ئەوە بدات ئەو جەنگە، کاریگەریی لەسەر دۆخی سووریا دەبێت، و تەنیا رایگەیاندووە هیوادارە جەنگەکە شەڕەکە بۆ ئەوێ نەگوازرێتەوە.
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە شانە نووستووەکانی داعش لە چەندین شاری سووریادا چالاک بوونەتەوە، لەنێویاندا شاری دیمەشق و راشیگەیاند چەکدارانی داعش لەدوایی پشێوییەکانی رووخانی رژێمی ئەسەد لەکۆتایی ساڵی رابردوو، دەستی بەسەر چەک و تەقەمەنییەکانی ئەسەد دا گرتووە.
هەروەها مەزڵووم عەبدی باس لەوە دەکات لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات، داعش زنجیرەیەک هێرشی کردووە و لانیکەم 10 شەڕڤان و هێزی ئەمنیی هەسەدەی کوشتووە.