عومەر ئۆجەلان: عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەند مانگێک لەمەوبەر هۆشداری لەبارەی جەنگەوە دا
رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە چەند مانگێک پێش ئێستا پێشبینی بۆ دۆخەی ئێستای ناوچەکەی کردووە و گوتوویەتی: ''ئەگەر بەر بە جەنگ نەگیرێت، 50 غەززەی دیکە دروست دەبن''.
خێزان و کەسوکارانی، دوای چوار ساڵ جارێکی دیکە رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2024 سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان لە گرتووخانەی ئیمراڵی کرد. عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش، ئامادەی سەردانەکەبوو.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەو سەردانەدا قسەی کرد.
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەو کاتە ''پێشبینی بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە کردبوو'' و گوتبووی: ''زۆر ناخایێنێت، دەستوەردان لە ئێران دەکرێت''.
وەک پەرلەمانتاری دەم پارتی دەڵێت، ئۆجەلان هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو: ''ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەک غەززە هەیە، بەڵام ئەگەر بەر بە شەڕ نەگیرێت، 50 غەززەی دیکە دروست دەبن، هەموو شارێک دەبێت بە غەززە''.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''شێری راپەڕیو'' هێرشی کردە سەر ئێران. کەمتر لە 20 کاژێر، ئێرانیش لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''پەیمانی راست 3'' هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردن، تاوەکو ئێستاش شەڕ لە نێوان هەردوو لا بەردەوامە.