دوو رێکخراو لە هەرێمی کوردستان: پرسی نەناردنی مووچەمان گەیاندە کۆنگرەی جنێڤ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئینستیتیوتی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە کۆنگرەی جنێڤدا باسمان لەو ستەمە کرد حکومەتی عێراق بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکات و داوامانکرد گوشار لە بەغدا بکەن بۆ ناردنی مووچە".
رۆژی دووشەممە 16ـی حوزەیران، 59ـەیەمین کۆنگرەی جنێڤ لە سویسرا دەستی پێکرد کە تایبەتە بە پێشێلکارییەکانی پرسی مافی مرۆڤ و دوو رۆژ دەخایێنێت.
بەشدار حەسەن، سەرۆکی ئینستیتیوتی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و دکتۆر ئەیهان جاف، سەرۆکی سەنتەری عەرەبی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆنگرەکەدا بەشدارن.
بەشدار حەسەن، کە هاوکات پارێزەرە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق کە دەڵێت، نابێت مووچە تێکەڵی بابەتی سیاسی بکرێت، لە کۆنگرەدا ئەوەمان راگەیاند کە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە نەناردنی مووچە".
سەرۆکی ئینستیتیوتی مافی مرۆڤ گوتی: "دەنگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە کۆنگرەی جنێڤ و گوتمان کە مافەکانیان پێشێل دەکرێت".
بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، دوای باسکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوی خۆیان بەسەر بەشداربووانی کۆنگرەی جنێڤدا دابەشکردووە.
لەو راگەیێندراوەی دراوەتە بەشدارانی کۆنگرەی جنێڤ ئاماژە بەوە کراوە، کارمەندانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بێ مووچە کراون و ژیانیان لە دۆخێکی نالەباردایە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەرێمی کوردستان دانیشتووانەکەی نزیکەی 6 ملیۆن کەسە و بەهاکانی پێکەوەژیان و دیموکراسی راگرتووە و "لە شەڕی دژی داعشدا هەزاران کەس خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی نەوەک تەنیا عێراق، بەڵکو ناوچەکە و جیهانیش. ئەمڕۆ ئەم گەلە پشتگوێ خراوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوە هاوبەشەکدا هاتووە: "دەبێت حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەستبەجێ بەرپرسیارێتییە دارایییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ مەرج مووچە خەرج بکات".
رێکخراوەکان لە راگەیێندراوەکەدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە "گوشارێکی بەردەوامی دیپلۆماسی و گشتی لەسەر بەغدا بکات بۆ دڵنیابوون لە مافی یەکسانی هەموو هاووڵاتیانی عێراق".