لە سۆران سەگی بێلانە پەلاماری ئاژەڵی ئاژەڵدارێکیان دا و 40 سەریان مردار کردنەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی باپشتیانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەگی بێلانە پەلاماری ئاژەڵی ئاژەڵدارێکیان داو 40 سەریان مردار کردنەوە.
 
رووداوەکە، شەوی دووشەممە، 16-06-2025 روویداوە. لە کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە 6 سەگ دەچنە نێو حەوشەی ئاژەڵەکان و لەماوەی 20 خولەکدا 40 سەر لە لە کاریلە و بەرخ دەخنکێنن و 20ـی دیکەش بریندار دەکەن.
 
محەمەد حەسەن، خاوەنی ئاژەڵەکانەوە بە رووداوی گوت، "سەگی بێلانەی زۆر هاتوونەتە دەورووبەری ماڵەکانمان، جگە لە مەترسییان بۆ سەر ئاژەڵەکان مەترسین بۆسەر هاونیشتیمانییانیش.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "لە نزیکی ماڵەکانمان شێڵتەرێکی راگرتنی سەگ هەیە و بەهۆی پێنەدانی خواردن دەرگایان لەسەر کردوونەتەوە و سەگەکان بە کوچە و کۆڵانەکان بڵاوبوونەتەوە". 
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "بۆ زیانەکانی ئەو هاونیشتیمانییە لیژنەیێک پێکدەهێنن و خەمڵاندنی زیانەکان دەکەن و هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دەدەن."
 
بۆ چارەسەری زۆربوونی سەگی بێلانەش لە سنووری سۆران، رەجەب زوبێر گوتی، "لەڕێگەی تیمێکی سەر بە شارەوانیی سۆران بەردەوام هەوڵدراوە سەگەکان دەستەبەسەربکرێن و ببردرێنە شوێنی تایبەت کە شێڵتەرێکە  و 5 ساڵە کراوەتەوە."
 
جاری یەکەم نیە سەگی بێلانە زیان بە هاونیشتیمانیان دەگەیێنن. لە رابردووشدا وێڕای پەلاماردانی چەندین منداڵ لە گەرەک و شوێنە جیاوازەکانی سۆران، هاوشێوەی شەوی رابردوو زیانیان بە ئاژەڵ و پەلەوەری هاونیشتیمانییان گەیاندوون.