پارتی رازیبووە بە کاراکردنەوەی "بێمەرجی" پەرلەمان

رووداو - هەولێر

هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 16-7-2017 پارتی پەیوەندی بە گۆڕانەوە کردووە بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی و رووبەڕوو. دەشڵێت پارتی رازیبووە بە کاراکردنەوەی "بێمەرجی" پەرلەمانی کوردستان.

لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هێمن هەورامی ئاشکرای کرد، لەو پەیوەندییەدا پارتی داوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و رووبەڕووی لە گۆڕان کردووە، ئەوەش لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

هێمن هەورامی راشیگەیاند، داواکەیان بەشێوەیەکی فەرمی کردووە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕانن.

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی لەپێناو سەرخستنی گشتپرسی وازی لە مەرجەکانی خۆی هێناوە بە گەڕانەوەی یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە. گوتیشی "ئێستا پارتی هیچ مەرجێکی نییە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، مەرجیش لە کەس قبوڵ ناکات".

داڕشتنەوە: حەکیم داود