تەرمی نەریمان عوسمان ئامۆزای ئازاد جوندیانی بەخاکدەسپێردرێت

رووداو-سۆران

تەرمی نەریمان عوسمان کە ئامۆزای ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، برایەوە جوندیان و لەوێ بەخاکدەسپێردرێت.

نەریمان عوسمان عەلی یەکێک لە کوژراوەکانی رووداوەکەی ئەمڕۆی هەولێرە، ئامۆزای ئازاد جوندیانیە. سێ منداڵی هەیە و لە گوندی بێشووکی جوندیان دادەنیشت. بەگوتەی سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی ئازاد جوندیانی، نەریمان عوسمان بەهۆی کارێکی تایبەت بە خۆیەوە هاتووەتە هەولێر و لەو رێستۆرانیە نانی خواردووە کە تەقەی لیکراوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.

لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، ئازاد جوندیانی رایگەیاند "نەریمان بەمەبەستی نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی هاتبووە هەولێر، بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ بەشداری هاوڕێی چووبوون بۆ ئەو رێستۆرانتە نانبخۆن و پشوو بدەن، بەڵام ئەو رووداوە روویدا و نەمانبینینەوە". 

لەبارەی ئامانجی هێرشەکە،  ئازاد جوندیانی گوتی "کردەوەکە هەم پلان بووە بۆ تیرۆری سیاسی و هەم پلانی سیاسی بووە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتین، ئەمە پلانێکی سیاسییە دژ بە هەرێمی کوردستان".  

ئازاد جوندیانی  ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگا پەیوەندیدارەکان لە لێکۆڵینەوەدان و من پێشی رووداوەکە ناکەوم، دواتر دەزگا ئەمنییەکان یەکلایی دەکەنەوە. 

پێشتریش لەکاتی بەخاکسپاردنی نەریمان عوسمانی ئامۆزای، جوندیانی رایگەیاند، لەو پلانەدا بەتەنها ئەو دیپلۆماتکارە و ئەو شەهیدەی ئێمە نەکراوەتە ئامانج، بەڵکو ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج. ئەوانەی بەو کارەش هەستاون بە زوویی دەگەن بە سزای خۆیان و پێم وانییە بتوانن دەربازیان ببێت. 

ئازاد جوندیانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رابردوودا زۆر لەو جۆرە رووداو و پلانانەمان بینیووە، بەڵام دواجار بکەرانی ئەو پلان و رووداوانە پەشیمان دەبنەوە.

هاوکات پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی بەشدار رەمەزان کرد کە لە رووداوەکەی ئەمڕۆدا برینداربوو و ئەمشەو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. 

ئازاد جوندیانی باسی لەوە کرد "ئەو شەهیدە بێجگە لەوەی ئامۆزام بوو، پاسەوانی تایبەتیشم بوو، من زۆر ئومێدم پێی بوو، بەڵام لێرەدا ئومێدەکان کۆتاییان هات".