لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت و دەڵێت، ئەمڕۆ لیژنەکەیان تاوتوێی نەخشەی پارێزگای هەڵەبجەی کردووە. 
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 17-07-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەکەمان گفتوگۆی لەسەر نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە کرد کە لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراقەوە پەسندکراوە و رەوانەی لیژنەکەمان کراوە." 
 
ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان گوتی، "پێویستە نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە کە لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراقەوە پەسندکراوە، رەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە بکرێت و بۆچوونی ئەوان وەربگیرێت، دواتر لیژنەکەمان داوا دەکات پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە." 
 
شێروان دووبەردانی رەتیکردەوە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت و گوتی، "هیچ وادەیەک بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دیارینەکراوە. پرۆژەکە لە دانیشتنی سبەی سێشەممە و دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەیشدا نییە. هەفتەی داهاتووش دانیشتنی پەرلەمان ناکرێت؛ بۆیە ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە دوای رۆژی 29ی مانگ." 
 
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە؛ پرۆژەکە تەنیا دەنگدان و پەسندکردنی ماوە، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هیچ وادەیەکی بۆ دەنگدان لەسەری دیاری نەکردووە.