وەزیری بەرگریی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە، وەزیری بەرگریی فەرەنسا سەردانی بەغدا و رۆژی چوارشەممەش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا، رۆژی دووشەممە، 17-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیبیتیان لیکۆرنۆ، وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی سێشەممە سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆدەبێتەوە، چاوی بە سەربازانی فەرەنسی دەکەوێت کە لە عێراقن و گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی نێوخۆیی و هەرێمی دەکەن.
لە مانگی ئایاری رابردوو هێزەکانی ئاسمانی عێراق و فەرەنسا یەکەم مەشقی هاوبەشیان لە عێراق کرد، لە مەشقەکان فڕۆکەی رافالی فەرەنسی بەکارهێندرا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دواتر وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە، 19ی تەممووز سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هەمان رۆژدا، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.
بەگوێری راگەیێندراوی وەزیری بەرگری فەرەنسا لە دیدارەکەدا "وەزیری بەرگریی فەرەنسا دووپات لە پەیوەندی نێوان کوردستان و فەرەنسا و پابەندبوون بە یەکێتی عێراق دەکاتەوە".
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی دووشەممە، 17-07-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرەنسا هاوکاری زۆری هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە لە رووی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی، هەروەها فڕۆکەکانی فەرەنسا هاوکاری زۆرباشی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە لە شەڕی دژی داعش و ئێستاش هێزێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستانن".
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری ناوچەکە بووە.
ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزار سەرباز لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە.
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە. ئەمە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
لە ئەیلوولی 2014دا فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و ئابی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.