تەقە لە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتووی سنووری بەردەڕەش کرا


رووداو دیجیتاڵ

تەقە لە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتووی سنووری بەردەڕەش کرا. یەکێک لە هاوتاکانیشی دەڵێت: "سێ فیشەکی بەرکەوتووە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، مەنهەل مۆفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی تەقەیان لە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو کردووە، پێشتر کێشە لەنێوانیاندا بووە. لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ تەقەیان لە یەکدی کردووە و دوو کەس بریندار بوون.
 
بە گوتەی مەنهەل مۆفەق، تەحسین عیسمەت، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو کاژێر 08:15ی بەیانی چووە بۆ کڕینی نان، لەوێ بە سێ گولـلە برینداریان کردووە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دەڵێت: "دوو گولـلە بەر قاچی و گولـلەیەکی بەر دەستی کەوتووە، بەڵام تەندروستی جێگیرە".
 
هاوکات، نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی گوت، تەحسین عیسمەت گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ و ئێستا تەندروستیی جێگیرە. گوتیشی، کەسێکی دیکەش لە رووداوەکەدا بریندارە، ئەویش تەندروستیی جێگیرە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئە دوو بنەماڵەیە، کە یەکێکیان لە لایەنی بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتووە، لە رەمەزانی ئەم ساڵ بەشەڕ هاتن، بنەماڵەی بەرامبەر برایەکی بەڕێوەبەری ناحیەیان بە بۆری بریندار کردبوو، ئەوانیش لە تۆڵەدا کەسێکیان لە بنەماڵەکەی دیکە بە گولـلە بریندار کرد، ئەمڕۆش لە تۆڵەی ئەمەدا تەقە لە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو کراوە و بە سێ گولـلە بریندار کراوە.