کۆڵبەرێکی مەریوان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی رۆژی سێشەممە هێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی (پەیام ئەحمەدی) گیانی لەدەستدا.
 
پەیام ئەحمەدی، خێزاندار و باوکی منداڵێکە خەڵکی گوندی بەرقڕو سەربە سەوڵاوی مەریوان بوو. 
 
ئەو کۆڵبەرانەی لەگەڵ پەیام ئەحمەدی بوون بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیان راگەیاندووە، هێزەکانی ئێران بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکردوون. 
 
هەروەها رایانگەیاندووە، بەهۆی تەقەی زۆری هێزەکانی ئێران نەتوانراوە هەر ئەو کاتە تەرمەکە بگوازنەوە دوێنی چوارشەممە تەرمی پەیام ئەحمەدی گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی مەریوان.
 
رۆژی سێشەممە، 8-7-2025، لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی هێزەکانی ئێران، کۆڵبەرێک بە ناوی خالید محەممەدی گیانی لەدەستدا.
 
لە ماوەێ سێ هەفتە دا سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بووە.
 
بەپێی ئاماری ئاژانسی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا لانیکەم 30 کۆڵبەر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان گیانیان لەدەستداوە و 13یان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.