لە یەک کاتدا بە درۆن هێرشکرایە سەر سنووری هەولێر و دهۆک
رووداو دیجیتاڵ
دوو هێرشی دیکەی درۆنی، کرانە سەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند هەردوو هێرشەکە زیانی گیانی و مادییان نەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 10:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی سووریژەی سەر بە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
لەبارەی ئەنجامی هێرشەکانەوە دژە تیرۆر رایگەیاند: "زیان گیانی و مادییان نەبووە".
دژە تیرۆری کوردستان دەشڵێت، کاژێر 10:55 خولەکی ئەمڕۆ، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
دوای هێرشەکان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد.
وەزارەتەکە داوایشی لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد گیانی هاووڵاتییانی نزیك ئەو ناوچانە و گیانی كارمەندانی مەدەنیی بپارێزن و رێگری لە هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كەرتی وزە بکەن.
کاژێر 7:00ی بەیانی رۆژی چوارشەممە لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرابووە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە گوێرەی دژەتیرۆری کوردستان جگە لە زیانی مادی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 18 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان، لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممە لە رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.