نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت: هاوبەشی خەمی قووڵی ماڵباتی قوربانییەکانین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی هاوخەمی ئاراستەی ماڵباتی قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی کوت دەکات و دەڵێت: "لەم کۆستە گەورەیەدا هاوبەشی خەمی قووڵی کەسوکاری قوربانییانین."
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمیدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، چاودێریی ئەو کارەساتە ئازاربەخشەمان کرد کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەرێکی بازرگانی لە شاری کوت روویدا. کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە."
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەکردووە کە "لەم کۆستە گەورەیەدا، دڵمان لەگەڵ خانەوادەی قوربانییاندایە و هاوبەشی خەمی قووڵ و کارەساتە گەورەکەیانین."
"لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردووان بخاتە بەر بەزەیی فراوانی خۆی و سەبووری و دڵنەوایی بە کەسوکاریان ببەخشێت، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت.
شەوی رابردوو ئاگر لە مارکێتێکی شاری کوت کەوتەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە رووداوەکەدا 61 کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 تەرمیان بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەوە نەناسراونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆربەی قوربانییەکان "لەناو گەرماوەکانی باڵەخانەکەدا بەهۆی چڕیی دووکەڵەوە خنکاون."
تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە "زیاتر لە 45 کەس رزگار بکەن کە لەناو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو."
وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی داوە بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری تەکنیکیی وەزیر و ئەندامێتیی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوان و ژمارەیەک لێکۆڵەری باڵا و پسپۆڕی تەکنیکی، بەمەبەستی "گەیشتن بە هۆکارە راستەقینەکانی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕی و بەرپرسیارێتییەکان بە وردی و شەفافیەت."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە هیچ جۆرە چاوپۆشییەک لەو لایەنانە ناکات کە کەمتەرخەمییان لە رووداوەکەدا دەسەلمێت و رایگەیاندووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوای تەواوبوونیان، بە شێوەیەکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاودەکرێنەوە.