مەسرور بارزانی لەدوای خەرجکردنی مووچە لە بەغداوە: پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری خەڵکی کوردستان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازیی لە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد لەسەر لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 17-07-2025، رایگەیاند: "دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، رەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەت دا."
 
مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی: "پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست "مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، چیدی تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە رێزگرتن لە رێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین."
 
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی داوای کرد کۆتایی بەو هێرشانە بهێندرێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکان و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "هاوکار بێت لە دۆزینەوەی ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان."
 
دەقەی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان: 
 
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
 
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار  لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی  نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش ، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە ، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون. 
هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە ، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
 
هەروەها دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان. 
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/7/17