چەندین دەرمانخانە و کۆگەی دەرمان لە دهۆک دادەخرێن
رووداو دیجیتاڵ
دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان چەندین دەرمانخانە و کۆگە لە سنووری پارێزگای دهۆک داخران و سزادران.
ئەمجەد نەجمەدین، خاوەنی دەرمانخانەیەک لە دهۆک کە داخرا دەڵێت، رێگەی هێنانی هەندێک دەرمان لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام لە بەغدا هەیە و بەشێک لە نەخۆشەکان پێیان گوتوون کە جۆرێک دەرمانیان دەست ناکەوێت و داوایان کردووە لە بەغداوە بۆیان بهێنن.
خاوەنی دەرمانخانەکە دەڵێت، "پێویستە دەستخۆشیمان لێ بکەن، چونکە ئاسانکاریمان بۆ نەخۆش کردووە، بەڵام لە KMCAـەوە هاتنە ئێرە و لەسەر ئەو دەرمانانە ئێمەیان سزا دا. چوار رۆژ دەرمانخانەکە داخرا و دوو ملیۆن دینار سزادراین".
دکتۆر پشتیوان محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆری درەمان لقی دهۆک دەڵێت، هەموو رێنوێنییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە چوارچێوەی وەزارەتی تەندروستییە و مافی ئەوەیان هەیە چاودێری بکەن. هەر کەسێک "دەرمانی قاچاخ بهێنێت، پێویستە سزا بدرێت".
بەگوتەی بەڕێوبەرایەتیی کوالیتیی جۆری دەرمان لە ساڵی 2021، 19 هەزار رێگەپێدانیان داوە بە دەرمانخانە و پێشبینی دەکەن داهاتیان 20 ملیار دینار بێت.
دکتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەری گشتیی کوالیتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان بەڵگەیان هەیە کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ سەرپێچیکاران کردووە، ئەویش بە داخستن یان سزای ماددی. هەروەها دەشڵێت، "ئەوان [دەرمانخانەکان] دەڵێن نابێت حکومەت چاودێریمان بکات، بەڵکو خۆمان چاودێریی خۆمان دەکەین".