د. فازل نەبی: لایەنێک بەڵێنی بە عەلی عەللاوی داوە بەربژێری بکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق پێویستە 7 بۆ 10 ملیار دۆلار بێت، کەچی نزیکەی ملیارێک و نیوە، هۆکارەکەشی بۆ دابەشبوونی سیاسی و کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە. بەڵام بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە و هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی وەزارەتی دارایی ئاشکرا دەکات. 
 
د. عەلی عەللاوی، وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی عێراق رایگەیاند، کاتێک پۆستی وەزارەتی دارایی وەرگرتووە، پرسیاری کردووە داهاتی عێراق لە هاوردەکردن چەندە؟ بەڵام کەس نەیزانیوە بەهۆی ئامار و زانیارییە دژبەرەکانی نێوان بانکی ناوەندی و بازرگانی و گومرگ و دیوانی چاودێریی دارایی. 
 
وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی عێراق دەڵێت: بە مەزەندی خۆی 70٪ بۆ 80٪ـی کۆی هەموو هاوردەکردنی عێراق لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە تێدەپەڕێت بەبێ کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی و گومرگەکان، هەروەها لیستی فەرمیی گومرگی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و گومرگی هەرێمی کوردستان نیوەی گومرگی فەرمییە. دەشڵێت: زۆرترین داهاتی گومرگی ملیارێک و نیو دۆلار تێناپەڕێت.
 
د. فازل نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی: تۆمەتەکانی وەزیری دارایی لەسەر وەزیرەکانی پێش خۆی ناهەقییە، د. عەلی عەللاوی هاتە سەر وەزارەتێکی ئامادەکراو. ئاماژەی بەوەش کرد، لە عێراق کۆمەڵێک رێگری لە پێش هەموو وەزیرێکی دارایی هەیە، کە ئاستەنگ بۆ کارەکانی دروستدەکەن، چونکە بەرپرسانی عێراق دەستیان لە دەروازە سنوورییەکاندا هەیە.
 
لەبارەی گوتەکانی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی کوردستانەوە، د. فازل نەبی، گوتی: عەلی عەللاوی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە "دژی هەرێمی کوردستان بووە". گوتیشی: "ئەو دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش نەکردووە، بەڵکو پێی گوتراوە دەستلەکاربکێشێتەوە و بە مستەفا کازمیش گوتراوە راستەوخۆ دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند بکات، چونکە پێشتر هیچ وەزیرێک نەبووە دوای کاژێرێک لە دەستلەکارکێشانەوەی، پەسند بکرێت و راستەوخۆ وەزیرێکی دیکەش بە وەکالەت بۆ وەزارەتەکەی راسپێردرێت".
 
د. فازل نەبی، جەختی لەوەش کردەوە: وەزیری دارایی هەمیشە بۆچوونی نەرێنی بووە لەسەر هەرێمی کوردستان و لە کاتێکدا کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 200 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان درا تەنیا وەزیری دارایی واژۆی ناردنی پارەکەی نەکردووە.
 
لەبارەی بوونی گەندەڵی لە گومرگەکان، فازڵ نەبی دەڵێت: "هەرێمی کوردستان خۆی رایگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی تەواوی گومرگەکانی بە دەستەوە نییە، بەڵام ئەو ئەگەر مەبەستی چاکسازیی بوو دەیتوانی گومرگەکانی عێراقی رێکبخاتەوە، دەبوو بە شێوەیەکی گشتی باسی گومرگەکانی عێراقی بکردایە، نەک تەنیا یەک جێگە باسبکرێت.
 
بە گوتەی فازڵ نەبی: "لایەنێک بەڵێنی بە د. عەلی عەللاوی داوە بەربژێری بکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، دەستلەکارکێشانەوەشی پەیوەندی بەو بەڵێنەوە هەیە".
 
پەیوەندیی پارتی و یەکێتی
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی لێکتێگەیشتنێکی باشتر و هاوبەشیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق.
 
هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات گوتی: "کێشەی سەرەکی دۆخی عێراق کورد نییە، بەڵکو ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعەیە، پارتی و یەکێتی هەوڵیان داوە کە رۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق هەبێت".
 
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی: "دەبێت لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی رەوتی سەدر داوای دەکات سەرناگرێت".
 
لەبارەی داواکاریی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "داوایانکردووە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکیبهێنێت، پێکهاتەی کۆمیسیۆن بگۆڕدرێت، دواتر لەسەر یاسای هەڵبژاردن رێکەوتن بکرێت".
 
بەختیار سەعید: دۆسیەی زەوییەکانی سلێمانی هی 15 ساڵ پێش ئێستایە
 
رۆژی سێشەممە 16/8/2022 لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ ژمارەیەک دەموچاوی دووبارە بوون بە مافیا بەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەتەوە، دواتریش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕيارێکی دەرکرد و بە بەرپرسانی حیزبەکەی گوت؛ هەر کەسێکتان ناوی حیزب و پێگەکەی بۆ دەسکەوتی تایبەتی بەکاربهێنێت سزای تووند دەدرێت.
 
هاوکات پەیوەست بە دۆسیەی فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی ئەمڕۆ عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ ژمارەیەک بەرپرس لە ساڵانی رابردوو بایی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بە نایاسایی زەوییان فرۆشتووە.
 
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، 65 هەزار پارچەزەوی لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی لە سلێمانی فرۆشراون.
 
بەختیار سەعید، ئەو کەسەی تۆمەتی بازرگانیکردنی بەو زەوییانەی دراوەتە پاڵ لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی: دۆسیەی بردن و بازرگانیکردن بە هەندێک زەوی لە شاری سلێمانی بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە ئەوەوە نییە و ئەو هێزەش دوێنی چوونەتە سەر شارەوانیی سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو نەبووە.
 
بەختیار سەعید، ئاماژەی بەوەش کر، پێشتر لە دەزگایەکی ئەمنیدا کارم کردووە، بەڵام ئیستا لە هیچ دەزگایەکی ئەمنیدا کار ناکات و کڕین و فرۆشتنی بە هیچ پارچەزەوییەکیش نەکردووە.
 
لەبارەی هەڕەشەکردنی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەختیار سەعید رەتیکردەوە ئەو چووبێتە سەر شارەوانی و هەڕەشەی لە کارمەندانی شارەوانی کردبێت. گوتیشی: ئەو گرفتەی ئێستا هەیە نوێ نییە و نزیکەی 14 بۆ 15 ساڵ دەبێت ئەم زەوییانە ئیفراز دەکرێت بۆ هێزە ئەمنییەکان، ئەو زەوییانە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی تەرخانکراوە، ئەوەی کراوە بەپێی یاسا کراوە و شارەوانیی سلێمانی بە باش و خراپییەوە ئاگادارە لەو بابەتە.
 
بەختیار سەعید دەشڵێت، "پێشتریش سەرۆکی شارەوانی ئێستا ئەو نەخشانەی بۆ نێردراوە و هەمووی بینیوە، هەموو کارەکان بە یاسایی داواکراوە و بەشێکی زەوییەکان بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی و بەشێکی دیکەیان بە بڕیاری وەزیری پێشووی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە."