ئەمریکا بەهۆی چەوساندنەوەی کوردانی عەفرینەوە سزا بەسەر دوو گرووپی چەکداردا دەسەپێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر چەوساندنەوە و دەربەدەرکردنی کوردانی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر دوو گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیادا دەسەپێنێت. سێ ئەندامی سەرکردایەتیی هەردوو گرووپەکە و کۆمپانیایەکی سەرکردەی یەکێک لە گرووپەکانیش دەخاتە لیستی سزاکانییەوە. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 17-8-2023 بڵاویکردەوە، لیوای سولەیمان شا و یەکەی حەمزە بوونەتە هۆی "خراپتربوونی ئەو نەهامەتییەی کە بەهۆی چەندین ساڵی شەڕی نێوخۆ لە باکووری سووریا دروستبووە و بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ دژی کۆمەڵە مەترسی لەسەرەکانیش بوونەتە رێگر لەبەردەم باشبوونی دۆخی ناوچەکە."
ئەو دوو گرووپە چەکدارە دژی حکومەتی سووریان و لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتییان لێ دەکرێت. 
 
رفاندنی هاونیشتمانیان و زەوتکردنی سەروەت و سامانیان
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، لیوای سولەیمان شا "لە عەفرین خەڵکی رفاندووە و سەروەت و سامانی لێ زەوتکردوون،" دەشڵێت، ئەو گرووپە چەکدارە "دانیشتووانی کوردی عەفرینی بەئامانجکردووە و ژمارەیەکی زۆریانی دووچاری هەراسانکردن، رفاندن و پێشێلکاری دیکە کردووە و ناچاریکردوون ماڵەکانیان چۆڵبکەن یانیش پارەیەکی زۆر بدەن لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵک یان ئەندامانی خێزانیان".
 
محەممەد حوسێن جاسم، ناسراو بە ئەبو عەمشە، سەرکردەی لیوای سولەیمان شا لەگەڵ برایەکی بەناوی وەلید و کۆمپانیایەکی ئەبو عەمشە بە ناوی سافر ئۆتۆ، خراونەتە لیستی سزاکانەوە. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "لە ژێر سەرکردایەتیی ئەبو عەمشە، ئەندامانی لیواکە راسپێردراون بۆ ئەوەی دانیشتووانی کورد بە زۆرەملێ دەربەدەر بکەن و دەست بەسەر سەروەت و سامانیاندا بگرن، بۆ ئەوەی ماڵەکانیان بۆ خەڵکی سووری دەرەوەی عەفرین چۆڵبکەن کە هەندێکیان کەسانی نزیکی چەکدارانی لیواکەن".
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، "ئەبو عەمشە فەرمانی بە لیواکە کردووە دانیشتووانی خۆجێیی بڕفێنن، داوای پارە لە بەرامبەر ئازادکردنیان بکەن و دەست بەسەر سامانیاندا بگرن بۆ ئەوەی داهاتی لیواکە زیادبکەن کە رەنگە ساڵەنە دەیان ملیۆن دۆلاری لەو رێگەیەوە دەستکەوتبێت".
 
"گرووپی چەکداریی حەمزە لە رفاندنی خەڵک، دزینی سەروەرت و سامان و ئەشکەنجەدانیان تێوەگلاوە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە؛ هەروەها دەڵێت، گرووپەکە "ژمارەیەک زیندانی هەیە و ئەو زیندانانەش ئەو کەسانەیان تێدایە کە رفاندوونی و بۆ ماوەیەکی زۆر تێیاندا هێشتوونیەتیەوە."
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، گرووپی حەمزە "خەڵک بۆ پارە دەرفێنێت و هەندێکجار چەکدارەکانی گێچەڵی سێکسیان پێ دەکەن".
 
تۆمەتبارکردن بە دەستدرێژی سێکسی  
 
بە گوێرەی وەزارتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیای سافر ئۆتۆ "لە لایەن ئەبو عەمشەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بووەتە سەرچاوەیەک بۆ ئەبو عەمشە تاوەکو وەبەرهێنان لە داهاتەکەیدا بکات".
 
بارەگەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە ئیستەنبووڵە و لە ژمارەیەک شاری تورکیا لقی هەیە کە لە لایەن فەرماندەکانی لیوای سولەیمان شاوە بەڕێوەدەبرێن. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "گوایە ئەبو عەمشە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەحمەد ئیحسان فەیاز، سەرکردەی گرووپی ئەحرار شەرقییە، خاوەندارێتی کۆمپانیای سافر ئۆتۆ دەکات".  
 
لە بارەی براکەی ئەبو عەمشەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "وەلید حوسێن جاسم، برا بچووکی ئەبو عەمشەیە و خۆیشی رۆڵی سەرکردایەتی لە لیوای سولەیمان شادا گێڕاوە، لەوانەش لە کاتی رۆیشتنی ئەبو عەمشە لە سووریا بۆ ئەوەی لە لیبیا شەڕ بکات، [وەلید] وەکو سەرۆکی لیواکە کاری کردووە."
 
وەزارەتەکە هاوکات باس لەوە دەکات، ئەنجوومەنی ئیسلامیی سووری، چەندین جار وەلیدیان تۆمەتبارکردووە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان؛ دەشڵێت: "وەک بەشێک لە لیواکە، وەلید حوسێن جاسم هەستاوە بە رێکخستنی کاری رفاندن، دزین و رزگاکردنی خەڵک بەرامبەر پارە. هەروەها گوایە وەلید لە ساڵی 2020، دوای مانگێک لە مامەڵەی نابەجێ، زیندانییەکی کوشتووە کە توانای ئەوەی نەبووە پارەی ئازادکردنەکەی بدات."
 
هەروەها سەیف بۆلاد ئەبوبەکر، سەرکردەی گرووپی چەکداری حەمزە خراوتە نێو لیستی سزاکانەوە، کە تۆمەتبارە بەوەی لە "چەوساندنەوەی دڕندانەی خەڵکی خۆجێیی،" رۆڵی دیاری هەبووە. 
 
پێشتریش گرووپە چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە تورکیا، بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خرابوونە نێو لیستی سزاکانەوە کە ئەو بڕیارە تایبەت بوو بە سزادانی دامەزراوە حکومی و بەرپرسەکانی تورکیاوە لەسەر لەشکرکێشیی ئەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019. 
 
لەشكرکێشییەکە بۆسەر گرێ سپی و سەرێ کانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەخنەی لێکەوتەوە بەوەی کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرە کە لە هێرشەکانیدا بەشداربوون، پێشێلکارییان مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجامداوە. 
لە تەممووزی ساڵی 2021، ئیدارەی جۆ بایدن سزای بەسەر یەکەی ئەحرار شەرقیەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا و دوو لە سەرکردەکانیدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی کوشتنی خانمە سیاسەتڤانی کورد، هەڤرین خەلەف لە ساڵی 2019 و وەرگرتنی چەکدارانی داعش وەک ئەندام. 
 
لە نوێترین راپۆرتی پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، وەزارەتەکە نیگەرانە لەوەی زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا بەردەوامن لە دامەزراندن و پارەدان بە چەکدارانی پێشووی داعش. 

 

ساڵی 2018، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین و داگیریانکرد. 
لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا، هەروەها راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین پێشێڵکاریی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە دژی کوردانی موسڵمان و ئێزدی و خەڵکی دیکەی سڤیل بە دۆکیومێنت کردووە.