پەرلەمانتارێکی کورد بڕینی کارەبای گوندێکی ئامەد دەباتە پەرلەمانی تورکیا


رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەیەکە کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا-دێداش کارەبای گوندێکی لە سنووری ئامەدی باکووری کوردستان بڕیوە و پەرلەمانتارێکی جەهەپەش لە بازنەی ئامەد بابەتەکەی بۆ پەرلەمانی تورکیا بەرزکردەوە و داوای سزادانی کۆمپانیاکە دەکات. 
 
بە پاساوی کەڵەکەبوونی قەرزی کارەبا، کۆمپانیای دێداش، رۆژی 10ـی ئابی 2023، بە هاوکاریی هێزەکانی جەندرمە، کارەبای لەسەر گوندی قەرخێتا سەر بە شارۆچکەی چنار لە ئامەدی باکووری کوردستان بڕی. 
 
بڕینی کارەبا لەسەر ئەو گوندە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 800 کەسە بەشی زۆریان جووتیارن، ناڕەزایەتیی زۆری بەدوادا هات. 
 
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد نووسراوێکی فەرمی لە رێگەی فراکسیۆنی جەهەپەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و داوای بانگهێشتکردنی وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەکات بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە و چارەسەرکردنی کێشەکە. 
 
ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوەکەیدا دەڵێت، گوندنشینەکان هەژار و کەمدەرامەتن؛ قەرزە کەڵەکەبووەکانیان تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی کارەبا بووە بۆ ئاودانی کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، کەچی کۆمپانیای دێداش بێ لەبەرچاوگرتنی خراپیی دۆخی ئابووری ئەو خەڵکە و بەم هاوینە دەستی بردووە بۆ بڕینی کارەبا. 
 
سەزگین تانریکوڵو باس لەوەش دەکات، کۆمپانیاکە بە هێز و بە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان و جەندرمە ئەو کارەی کردووە. 
 
تانریکوڵو دەڵێت، پێویستە وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی زانیاریی ورد بدات لەبارەی ئەوەی کە لە چەند گوندی دیکە کارەبا بڕاوە و کێ فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان داوە دژی هاووڵاتییان پشتیوانی لە کۆمپانیایەک بکەن؟