لە کەرکووک شەش کەس دەستگیرکران؛ "زەوی شارەوانییان کردبووە گەراج و بە کرێیان داوەتەوە"
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک شەش تۆمەتبار دەستگیرکران کە پارچە زەویی شارەوانییان کردبووە پارکینیگی ئۆتۆمبێل و بە کرێیان داوەتەوە. هاوکات، بەڕێوەبەر و یاریدەدرێکی قوتابخانە لەسەر فێڵکردن لە خەڵک بەناوی دامەزراندنەوە دەستگیرکران.
دەستەی دەستپاکیی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووکی سەر بە دەستەی دەستپاکی شەش کەسیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان بەسەر چوار پارچە زەویدا گرتووە کە خاوەنداریێتی دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانیی کەرکووک و بۆ شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل بەکاریان هێناون و لە بەرامبەردا پارەیان لەخەڵک وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی یاساییان هەبێت، پسولەی نافەرمی وەرگرتنی پارەش بە تۆمەتبارەکان گیراوە.
زەوییەکان دەکەونە ناوەندی شاری کەرکووک، نزیک دەستەی گشتیی باجەکان- لقی کەرکووک، لقی فۆرمی خۆراک و فەرمانگەی کۆنی رێککاریی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تیمەکانیان بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی دیکەیان دەستگیر کردووە، بەهۆی ئەوەی پۆستەکانیان بەکارهێناوە بۆ فێڵکردن لە خەڵک و دامەزراندن خەڵک بە گرێبەست لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک و دەرکردنی فەرمانی کارگێڕیی ساختە لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە.