تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، پێنج سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، لە شەڕێکدا دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەکان، پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-8-2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەیەکیاندا لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان، دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 624 گەریلا و کوژرانی 101 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.