دوو کەس لە رانیە بەهۆی تەقەکردنەوە دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی لە رانیە بەهۆی تەقەکردنەوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکران. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کارمەندی ئاسایش و ئەوی دیکەش کارمەندی هێزەکانی پۆلیسە و ناکۆکییان هەبووە.
رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستگیرکردنی دوو هاونیشتمانی راگەیاند کە لە دوو کات و شوێنی جیاوازدا تەقەیان کردبوو.
شۆڕش ئیسماعیل گوتی، ''لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت هۆکاری هەردوو رووداو بۆ ناکۆکی و گرژیی نێوان دوو کەس دەگەڕێتەوە کە دوێنێ چوارشەممە لە بازاڕی رانیە شەڕە چەقۆ لەنێوانیاندا روویدابوو.''
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، رووداوی یەکەم بەو جۆرە بووە کە کاژێر چواری بەرەبەیانی لە گەڕەکی مامۆستایانی رانیە، دەستڕێژیی گوللە لە ماڵێک کراوە، لەکاتێکدا تیمەکانی پۆلیس سەرقاڵی لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بوون، لە گەڕەکێکی دیکە رووداوێکی تەقەکردن روویداوە.
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد کە تیمەکانی پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین گەیشتوونەتە شوێنی رووداوی دووەمیش و دوو کەسیان بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیرکرد کە پێشتر پێکەوە ناکۆکییان هەبووە و "لە بنکەی پۆلیس و دادگە کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە".
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کارمەندی هێزەکانی پۆلیسە و ئەوی دیکەش کارمەندی ئاسایشی راپەڕینە؛ گوتیشی، ''هەردوو رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکیان بە پیشەی تەقەکەرەکانەوە نییە، بەڵکو تەنیا بەهۆی ناکۆکییەکی تایبەت و کەسی، ئەو شەڕە روویداوە".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی کوردستان 183 رووداوی کوشتنی بەئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بەهەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمار کراون.