لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان 11 کەس بوونە قوربانی
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان شەش ئۆتۆمبێلدا روویدا؛ لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکە برینداربوون.
کاژێر 21:16 خولەکی ئەمشەو 17ی ئابی 2023، شەش ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو پارێزگای مووش-چەولیگ لە نزیک گوندی کییک، خۆیان بەیەکدا کێشا؛ لە ئەنجامدا سێ کەس بەناوەکانی سەزگین کاراکوش، عەلیجان چیچەک و فەرمان ئوچار گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون. دۆخی تەندروستیی چوار لە بریندارەکان جێگیر نییە.
دوای رووداوەکە، هاونیشتمانیان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە و بەخێرایی بریندارەکان گوێزرانەوە نزیکترین نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای مووش، هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکان گەڕاندەوە و رایگەیاند، سەرەتا رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا بووە و چوار ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش خۆیان بە هەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا کێشاوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.