سەرۆک بارزانی: پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووریی کوردستان پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا كۆبووەوە و رایگەیاند، "پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووریی کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت."
کۆبوونەوەکە رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023، لە پیرمام بەڕێوەچوو. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لە ئامادەکاریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەو یاسایانە کرد کە لەم وەرزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش یاسای نەوت و گاز، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و یاسای دادگەی فیدراڵی.
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا بۆ ئامادەبووان قسەی کرد و گوتی، "ئێمە خاوەنی پرسێكی رەواین، لە هەموو قۆناخەكانیشدا لە پرۆسەی سیاسی دا، هەمیشە پابەندین بە هەرسێ بنەمای تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی."
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا رایگەیاند، "پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووریی کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژە لەپێناوی ئازادی."