چوار بیری ئاو لە رانیە لێدەدرێن؛ "کێشەی کەمئاوی 13 هەزار ماڵ چارەسەر دەکات"

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی، چوار بیری ئاو لە رانیە لێدەدرێن.
 
سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی وشکەساڵییەوە، 50%ـی ئاوی راپەڕین کەمی کردووە، هەروەها ئاستی ئاوی قوڵە دابەزیوە و کێشەی کەمئاوی بۆ زیاتر لە 13 هەزار ماڵ دروستبووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتەش چوار بیری ئاو لە رانیە لێدەدرێن."
 
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕینەوە جێبەجێ دەکرێت. بە گوتەی سپاردە محەممەد، دەست بە کارەکانی بیری یەکەم کراوە کە قوڵاییەکەی زیاتر لە 200 مەتر دەبێت و بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا هەر چوار بیرەکە تەواو بکرێن.
 
قەزای رانیە نزیکەی 25 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە کە 13 هەزاریان پشت بە پڕۆژەی ئاوی قوڵە دەبەستن. بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین دەڵێت: "ئاوی قوڵە سەرچاوەی 65%ـی ئاوی خواردنەوەی رانیەیە و ئاوی کانییەکە زۆر کەمی کردووە؛ بۆیە بۆ بەشەکانی دیکە پشت بە بیر دەبەستین، کە ئەوانیش لە هەندێک شوێن کێشەیان بۆ دروستبووە و وشکیان کردووە."
 
بە گوتەی سپاردە محەممەد، پێشتر لە ئاوی قوڵە رۆژانە ئاو بۆ ماڵان بەردەدرایەوە، بەڵام ئێستا دوو رۆژ جارێک ماوەی 40 خولەک بۆ کاژێرێک ئاو بە ماڵان دەدرێت. گوتیشی: "رۆژ بە رۆژ ئاستی ئاوەکە دادەبەزێت و مەترسیی زیاتر دروست دەکات، بەڵام ئەگەر بیرەکان لێبدرێن، وەکو پاڵپشتییەک دەبێت بۆ پڕۆژەی ئاوی قوڵە."
 
شارۆچکەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنەش لە رێگەی 81 بیرەوە سوود لە ئاوی ژێرزەوی وەردەگرن، کە ئاستی ئاوی ئەو بیرانەش دابەزیوە. بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین گوتی: "یان دەبێت بیری زیاتر لێبدەین، یان دەبێت پڕۆژەی ئاوی دەربەند کە لە ساڵی 2005ـەوە کارکردن تێیدا وەستاوە و پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، دەستی پێبکرێتەوە؛ ئەو پڕۆژەیە سەرەتا بەهۆی دیزاین و کێشەی هونەرییەوە وەستا، ئێستاش بەهۆی کێشەی کارگێڕییەوە کارەکانی راگیراون و ئاوی زێی بچووک دەگەیێنێتە چوارقوڕنە، رانیە و قەڵادزێ."
 
رۆژی 29-06-2025، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "هاوینێکی قورسمان لەپێشە و رۆژ لەدوای رۆژ سەرچاوەکانی ئاومان بەرەو وشکبوون دەچن، بەتایبەت زێی بچووک."