بەربژێرێکی پارتی لە نەینەوا دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە. گوتەبێژی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، دەتوانێت تانە لە بڕیارەکە بدات.
بەگوێرەی لیستێکی نوێی کۆمیسیۆن، 23 بەربژێری دیکە لە هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە، یەکێک لەوانە سیروان محەممەد خدر یونس رۆژبەیانییە، ناسراو بە سیروان رۆژبەیانی، کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ئێستا جێگری یەکەمی پارێزگارە.
سیروان رۆژبەیانی لە لیستی پارتی لە نەینەوا ژمارە 61ـە.
جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مەرجەکانی بەربژێربوونیان تێدا نییە، بەتایبەتی مەرجی ''رەوشتباشی و ناوبانگی باش'' و هەروەها هەبوونی پێشینەی تاوانکاری لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
بڕیارەکە پشتئەستوورە بە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن ژمارە 12ـی ساڵی 2018، بەدیاریکراوی بڕگەی سێی مادەی 7، کە مەرجی داناوە بەربژێر دەبێت ''خاوەنی رەوشت و ناوبانگی باش بێت و سزای کۆتایی لەسەر تاوانێکی گەورە یان کەتنێکی شەرەفشکێن نەدرابێت، لەوانەش دۆسیەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی، تەنانەت ئەگەر لێبووردنی گشتیش گرتبێتییەوە.''
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری تاوانکاریی وەزارەتی ناوخۆوە زانیارییان پێگەیشتووە کە ژمارەیەک بەربژێر پێشینەی تاوانکارییان هەیە، لیژنەیەکی تایبەتیان بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (79)ی ساڵی 2025 بۆ وردبینی لە مەرجەکانی بەربژێران پێکهێناوە. دواتر لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەکە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانەی دەرکردووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە مافی ئەوەیان هەیە لە ماوەی سێ رۆژدا لەدوای دەرچوونی بڕیارەکە، لە بەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانەی لێبدەن. دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن 10 رۆژی لەبەردەستە بۆ یەکلاییکردنەوەی تانەکان و بڕیارەکانیشی کۆتایی دەبن و دەبێت هەموو لایەک جێبەجێی بکەن.
لیستی ئەو 23 بەربژێرەی دوورخراونەتەوە:
سەعد عەلی حەسەن فەرحان بەیاتی - هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی - بازنەی بەغدا
وەداد حاتەم محەممەد محنە - هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی - بازنەی قادسیە
کەریم خەساف ستار رەداد خەفاجی - هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی - بازنەی نەجەف
جەمال ناسر دەلی ئەحمەد کەربوولی - هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی - بازنەی ئەنبار
زەینەب ناسر عەبدولحسێن عەلی زریجاوی - بزووتنەوەی سۆمەریون - بازنەی زیقار
عەمار عەلی محەممەد باقر موبارەک - هاوپەیمانیی بەدیل - بازنەی بەغدا
لەیس شاکر ئەحمەد سوڵتان جبووری - هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی - بازنەی نەینەوا
جەواد کازم جراد سەتم خەزرەجی - هاوپەیمانیی ئیعمار و تەنمیە - بازنەی سەڵاحەدین
سەعد مسلەت ئەحمەد خەلەف لوهەیبی - حیزبی جەماهیری نیشتمانی - بازنەی سەڵاحەدین
سائر نیسان سەرەحان هلال - هاوپەیمانیی سیادە - تشریع - بازنەی بەغدا
سەجاد عودە ردام مرعی - بزووتنەوەی روادی نیشتمانی - بازنەی بەغدا
نوورەدین یونس حسێن عومەر قەیلان - حیزبی تەقەدوم - بازنەی نەینەوا
فەیسەڵ حەسان سکر سەلمان نایلی - هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا - بازنەی قادسیە
عەلی محەممەد تەقی ساحب تەقی - رێکخراوی بەدر - بازنەی بەغدا
سادق مەریح عوبێد سجیل روبیعی - هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا - بازنەی بەغدا
محەممەد عەبدولمەجید ئەحمەد خزەیر عەبدوڵڵا - هێزی نیشتمانی - بازنەی نەینەوا
بەشار محەممەد منیر ئەحمەد محەممەد رەحۆ - نەینەوا بۆ خەڵکەکەی - بازنەی نەینەوا
سەعاد زیاد جیاد عذاب عامری - ئۆپۆزسیۆنی عێراق - بازنەی بەغدا
مورتەزا نەسیف جاسم محەممەد بەلداوی - هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا - بازنەی بەغدا
سەری عەلی عەبدوڵڵا ساڵح شاهر - نەینەوای یەکەم - بازنەی نەینەوا
سیروان محەممەد خدر یونس رۆژبەیانی - پارتی دیموکراتی کوردستان - بازنەی نەینەوا
جەواد کازم عیدان عید بەیاتی - هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا - بازنەی قادسیە
رائد ئیبراهیم حەمەد سەلیم جبووری - هاوپەیمانیی تەفەوق - بازنەی سەڵاحەدین