کوردێک لە سەرۆکایەتیى لیژنەی بەڕێوەبردنى کێڵگەى نەفتخانە لادەدرێت و عەرەبێک دەخرێتە شوێنەکەی
رووداو دیجیتاڵ
دوورخستنەوەی ئەندازیار ئەمیر مەحموود، سەرۆکی لیژنەى هاوبەشی کارگێڕیی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی نەفتخانە و دانانی عەرەبێک لە شوێنی، کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە بە گوتەى قایمقامی خانەقین، لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە پێکدەهێنن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی کۆمپانیاى نەوتى ناوەڕاست کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و لە یەکى تەممووزى 2025 دەرکراوە، ئەندازیار ئەمیر مەحموود، لە پۆستی سەرۆکی لیژنەى هاوبەشى بەڕێوەبردنى پڕۆژەى کێڵگەى نەفتخانە لە دیالە بەخشراوە و کراوە بە سەرۆکى لیژنەى هاوبەشى بەڕێوەبردنى کێڵگەکانى باکوور.
پڕۆژەى نەفتخانە بە گوێرەى گرێبەستێکی هاوبەشی نێوان کۆمپانیای جیۆجیدی چینی و وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوەدەبرێت.
لەبرى ئەو هاونیشتمانییە کوردە، فیراس نازم حەسەن لە جێگەى دانراوە کە پێشتر سەرۆکى لیژنەى هاوبەشى بەڕێوەبردنى کێڵگەکانى باکوور بووە.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئاگادارین لەوەی ئەندازیار ئەمیر مەحموود لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە. ئێمە لیژنەیەکی بەدواداچوون پێکدەهێنین لەسەر ئەو بابەتە".
قایمقامی خانەقین نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەگەر هۆکاری دوورخستنەوەکە پەیوەندی بە ناسنامەی نەتەوەیی ئەندازیار ئەمیرەوە هەبێت و گوتی: "ئەگەر بابەتەکە لەسەر ئەوە بێت کە ئەندازیار ئەمیر لە نەتەوەی کوردە، ئێمە بە هیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین، چونکە کاک ئەمیر ئەندازیارێکی باش و سەرکەوتوو بوو و خاوەن لێهاتووییەکی بەرز بوو لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکەدا".
بەڵام ئەوس مەهداوى، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە رووداوی گوت: "بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دەرچووە و تایبەتە بە پۆستی لیژنەى هاوبەشى بەڕێوەبردنى کێڵگەکە و ئەوە پۆستێکى کارگێڕی ئاساییە، نابێت نەتەوە بکرێتە بیانوو بۆ ئەو بابەتە."