لێدوانێکی "داگیرکردنی" شارەبان و مەندەلی کاردانەوەی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەمینداری گشتیی حیزبێکی عەرەبی لە دیالە کە باس لە "داگیرکردنی" گوڵاڵە، شارەبان، قەرەتەپە و مەندەلی دەکات، کاردانەوەی لایەنە کوردستانییەکانی لێکەوتووەتەوە. بەرپرسێکی پارتی دەڵێت، "هیچ زاڵمێک ناتوانێت ئەو ناوچانە لە کوردستان داببڕێت"، لە بەرامبەردا حیزبەکە دەڵێت، "مەبەستمان کورد نەبووە".
گرتە ڤیدیۆییەکە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و نیگەرانیی لای کوردەکانی ئەو ناوچانە دروستکردووە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قەرەتەپە یەک کوردی تێدا بمێنێت، جەلەولا یەک کوردی تێدا بمێنێت، حەمرین یەک کوردی تێدا بمێنێت، مەندەلی یەک کوردی تێدا بمێنێت، کەرکووکیش یەک کوردی تێدا بمێنێت، ئەمانە خاکی پیرۆزی کوردستانن، بەشێکن لە نیشتمانی ئێمە و هیچ زاڵم و ستەمکارێک ناتوانێت ئەم ناوچانە لە کوردستان داببڕێت."
لە بەرامبەردا، حیزبی بواسل روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئامانج لەو قسانە کورد نەبووە. وسام لهێبی، ئەندامی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "لای ئێمە هەمووان وەکو یەکن و هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان و شیعە و سوننەدا نییە. پشت بە خوا هەموومان یەکین... حاجی سەلمان [ئەمینداری گشتی] یەکەم پاڵپشتیکاری دیالەیە بۆ پڕۆژەکانی رێگە، قوتابخانە و مزگەوتەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان."
حیزبی بواسلی نیشتمانی ساڵی 2023 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە پارێزگای دیالەیە. لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، لەگەڵ هاوپەیمانیی تەقەدوم بەشداریی کرد و لە کۆی 15 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، 3 کورسی بەدەستهێنا.