دەزگای ئاسایش لە سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لەنێو شاری سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیر کرد.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای نیوەڕۆی 05-08-2025، دوای بەدواداچوونێکی ورد، توانییان دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (19) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاک. دەشڵێت، تۆمەتباران "ئامانجیان شاردنەوە و بردنەدەرەوەی ماددەکە بووە لەڕێگەی بارهەڵگرێکەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
 
دەشڵێت، تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە چالاکییەکدا لەناو شاری سلێمانی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.
 
دوای نیوەڕۆی 05-08-2025، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاریی پێشوەختە و چاودێریی ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە شاری سلێمانی، توانییان لە بۆسەیەکدا دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (19) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاک، ئامانجیان شاردنەوە و بردنەدەرەوەی ماددەکە بووە لەڕێگەی بارهەڵگرێکەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.