هێزە چەکدارەکانی ئێران: چیدیکە دان بە خۆماندا ناگرین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت؛ لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ولاتەکەیان کاردانەوەیەکی زۆر تووند و وێرانکەریان دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "جارێکی دیکە هۆشداری بە ئەمریکای تاوانبار و خراپەکار و ئیسرائیلی دڕندە دەدەین، کە دەست لە پیلانگێڕی و خراپەکاری لە دژی ئێرانی بە هێز و دوور لە شکست هەڵبگرن."
 
سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری لە هێرشکردنەوە سەر ئێران دەدات و دەڵێت: "رووبەڕووی سوپرایز و کردەوەی نوێ دەبنەوە کە زۆر ترسناکتر و وێرانکەرترە لە جاران."
 
دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کاربەدەستانی ئیسرائیل چەند جارێک هەڕەشەی کردنە ئامانجی پێگەکانی حکومەتی ئێرانیان کردووە، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئێران چیدی دان بە خۆیدا ناگرێت و کاردانەوەیەکی زۆر تووند و وێرانکەرتر نیشان دەدەین."
 
لە 13ی حوزەیراندا جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی هەمان مانگیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.