حەج و عومرە: 16 هەزار عومرەکار ناتوانن بە فڕۆکە بگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عێراق لەنێویاندا زیاتر لە دوو هەزار هاونیشتمانی هەن، بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە فڕۆکە نییە بۆ گەڕانەوەیان و گیریانخواردووە.
لە راگەیێندراوەکەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "ئەوانەی ئێستا له عهرهبستانی سعودیهن بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە، بۆ گەڕانەوەیان هێڵی ئاسمانی عێراقی بەهۆی چلەی ماتەمینی ( ئیمام حوسێن)ـەوە هەموو گەشتەکانی تاوەکو کاتێکی نادیار دواخستووە".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێڵەکە دەڵێن فڕۆکەمان بەردەست نییە، کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیش نادیارن".
ستوونی دەڵێت: "بەشێکی هاونیشتمانییان کە بە فڕۆکە گەشتیان کردبوو ناچاربوون بە پاس گەڕاونەتەوە، ئێستاش هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت بە پاس بێتەوە".
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگرتنی گەشتەکانی رەتکردەو و بە رووداوی گوت: "ئەو قسەیە راست نییە، هێڵی ئاسمانیی عێراق هیچ پشوویەک وەرناگرن و دەوامیان بەشێوەی شێفتە بەردەوامە".
لە راگەیێندراوەکەی حەج و عومرەدا هاتووە: "هەر عومرەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە پێویستە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا بکات کە گەشتی لەگەڵدا کردووە بۆ ئەوەی بە رێگەی وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە".
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "ئەو هاووڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە، پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان بۆ دابین بکات تاوەکو گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە".
حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر کۆمپانیایەک ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە و خەرجی ئەو عومرەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکو بارمتە داویانە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بێت، نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عێراق لەوێ گیریان خواردووە و لەنێویاندا نزیکەی دوو هەزار هاونیشتمانی هەن.